عوسمان موستەفاپوور

هاوڵاتیی خەڵکی پیرانشار

دەستبەسەرکران: ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٠ی هەتاوی / ١٩٩١.٠٧.١٤

سزا: ٣٥ ساڵ بەندکران

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا

عوسمان موستەفاپوور، لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی / ١٩٦٧ لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٧٠ی هەتاویدا /  ١٩٩١.٠٧.١٤ پاش شەڕ و پێکدادانێکی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی سپای پاسداران لە دەربەندی “ئاسنگەران”ی سەربە ناوچەی “تەرگەوەر”ی ورمێ لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی ئەو حیزبە بە ناوەکانی “مەلا جاسم دڵنشین” و “ئەیوب جەهانگیری” دەستبەسەرکرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لەگەڵ دوو پێشمەرگە دەستبەسەرکراوەکەی دیکە بۆ ماوەی ٦ مانگ لە دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتخانەی ئیتلاعات لە ورمێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا و ئەشکەنجەدران. لە ڕێکەوتی ١٨ بەفرانباری ١٣٧٠ی هەتاوی / ١٩٩١.٠١.٠٨ پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بۆ بەشی قەرەنتینەی ئەو بەندیخانەیە گوازرانەە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباردا /  ١٩٩١.١٢.٢٦ لەلایە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە سەرۆکایەتیی “دادوەر جەوهەری” بەبێ پارێزەر دادگاییکران و هەر سێکیان بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” بە سێدارە سزادران.

پاش پشتڕاسکرانەوەی ئەو سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا، لە هاوینی ساڵی ١٣٧١ی هەتاویدا / ١٩٩٢ سزای سێدارەی مەلا جاسم دڵنشین جێبەجێ کرا، ساڵێک دواتر ئەیوب جەهانگیریش لە بەندیخانەی ورمێ لە سێدارەدرا. لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاویدا / ١٩٩٣ پاش لە سێدارەدرانی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە، عوسمان موستەفاپوور بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز دوورخرایەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاویدا / ١٩٩٥ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ و لە ساڵی ١٣٧٩ / ٢٠٠٠ دا سزای سێدارەکەی هەڵوەشێندرایەوە و بۆ ١٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. هاوکات لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە هەمان تۆمەت دیسانەوە دادگاییکرا و ئەم جارە بە ٢٥ ساڵ بەندکران سزادرا. عوسمان موستەفاپوور بەو شێوەیە پێویست بوو ٣٥ ساڵ لە بەندیخانەدا بمێنێتەوە.

لە ماوەی ٢٨ ساڵ بەندکرانیدا، دایکی، خوشکێک و برایەکی لە دەستداوە، بەڵام هەر جارەو بەهۆی ناڕەزامەندیی داواکاری گشتی و فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕێگەی پێنەدراوە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیاندا بەشداری بکات. ئەو بەندکراوە سیاسییە هەروەها تا ئێستا بەهۆی فشارەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە لە مافی وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە و ئازادیی بەمەرج بێبەشکراوە.