مستەفا سەبزی

هاوڵاتیی کوردی خەڵکی ماکۆ

دەستبەسەرکران: جۆزەردانی ١٣٩٣ / ٢٠١٤.٠٤

تۆمەت: ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

سزا: ١٥ ساڵ بەندکران

ڕەوش: بەندکراوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

مستەفا سەبزی، هاوڵاتیی کوردی خەڵکی ماکۆ لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٣ / ٢٠١٤.٠٤ لە گوندێکی دەوروبەری ورمێ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لەناو یەک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ورمێووە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە و پاش چەند مانگێک لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێووە بە تۆمەتی “ئەندامبوونی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە پاشان لە دادگای پێداچوونەوەدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

مستەفا سەبزی زۆربەی ماوەی سزاکەی لە بەندی بەندکراوانی تاوانە مەترسیدارەکان دا بووە. ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ٩٤ / ٢٠١٦.٠١.١٢ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانەکان و ڕێگریکردنی بەرپرسانی بەندیخانەکە بۆ گواستنەوە بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی دەستی دایە مانگرتن لە خواردن. بەرپرسانی بەندیخانەکە گوێیان نەدایە داواکارییەکانی و گواستیانەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو بەندیخانەیە.

لە مانگی خاکەلێوەی ٩٥ / ٢٠١٦.٠٤ لە بەندی ١٣ی بەندیخانەی ورمێدا واتە بەندی بەندکراوانی تاوانە مەترسیدارەکان، ژمارەیەک بەندکراوی دیکە بە چەقۆ پەلاماری مستەفا سەبزیان دا، بەڵام بەرۆرسانی بەندیخانەکە سەرەڕای هەموو مەترسییەکان بۆسەر ئاسایشی ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕەزامەندییان  بۆ گواستنەوە بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی دەرنەبڕی.

ناوبراو ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ٩٨ / ٢٠١٩.٠٧.٢٣ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی گواستنەوەی بۆ بەندیخانی ماکۆ، شاری نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی، لەلایەن نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای شۆڕشی ورمێووە دەستی دایە مانگرتن لە خواردن. ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ٢٥ەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بۆ ناوەندی دەرمانیی بەندیخانەکە گوازرایەوە سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەکەی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکیی قبوڵ نەکرد.

مستەفا سەبزی لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ / ٢٠١٩.٠٨.١٩ لە کاتێکدا گەڕێندرایەوە بۆ بەندەکەی کە سەرۆکی بەندیخانەی ورمێ لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەی لێکردبوو ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنەکەی نەهێنێت دووردەخرێتەوە بۆ بەندیخانەی شرێکی دوور. ناوبراو سەرەنجام لە سەرەتای خەرماناندا پاش بەڵێنەکانی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ بەدووداچوون بۆ داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکە ٣٢ ڕۆژەکەی هێنا. بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان / ٢٠١٩.٠٩.١٧ بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانە دیسانەوە دەستی دایە مان گرتن لە خواردن.

ئەو بەندکراوە سیاسییە تەمەن ٢٤ ساە لە ئێستادا شەشەمین ساڵی بەندکرانی تێپەڕدەکات، لەکاتێکدا هێشتا مافی تێپەڕکردنی سزاکەی لە بەندیخانی شاری نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی لێ زەوتکراوە.