حەسەن ڕەستگاری مەجد

هاوڵاتی کوردی دانیشتووی ئێران و خەڵکی تورکیا

دەستبەسەرکران: ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی / ٢٠١٤.١٠.٢٧

تۆمەت: ئەندامبوون لە حزبی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بشێوی، هەوڵدانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی، نێشتەجێبوونی نایاسایی لە وڵات، بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی، بشێویی بەندیخانە

سزا: ١٩ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران و ٢٠ قامچی کە بەگوێرەی مادەیاسای ١٣٤ی سزادانی ئیسلامی ١٥ ساڵی جێبەجێ دەکرێت

ڕەوش: بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ

حەسەن ڕەستگاری مەجد، هاوڵاتی کوردی دانیشتووی شاری ورمێ لە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٣ / ٢٠١٤.١٠.٢٧ بە تۆمەتی بەشداریکردن لە گردبوونەوەی خەڵکی ورمێ بۆ پشتگیریکردنی بەرخۆدانی کۆبانێ لەگەڵ ١٥ هاوڵاتیی دەکە دەستبەسەرکرا. ناوبراو پاشان گواسترایەوە بۆ بەندی ٣-٤ی بەندیخانەی ورمێ و پاش ساڵێک بەڕێکرا بۆ بەندێکی تایبەت بە ڕاگرتنی بەندکراوانی تۆمەتبار بە قاچاخی مادە هۆشبەرەکان.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٤/ ٢٠١٥.٠٨ لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتگەلی “بشێوی”، “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” و “ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)” بە `١٥ ساڵ بەندکران سزادرا. ئەو بڕیارە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وەک خۆی پشتڕاستکرایەوە. هەروەها لە دوو دۆسییەی دیکەدا بە تۆمەتی “نیشتەجێبوونی نایاسایی لە وڵاتدا” بە ٣ ساڵ بەندکران و تۆمەتی “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکران سزادراوە.

جێگای ئاماژەیە کە حەسەن ڕەستگاری مەجد لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٥ / ٢٠١٦.١٢ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕەتکرانەوە داواکاریی بۆ پێداچوونەوە بەسەر سزاکەیدا دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن، بەڵام لە کاتی مانگرتنیدا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ورمێوە بۆ قی ١٠٤ی دادگای ئەو شارە گوازرایەوە بە تۆمەتی “بشێویی بەندیخانە” بە ٣ مانگ بەندکران و ٢٠ قامچی سزادرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە بەگشتی ١٩ ساڵ و ٣ مانگ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە، کە بە ڕەچاوکردنی مادەی ١٣٤ یاسای سزادانی ئیسلامی ١٥ ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.

بەڕێز ڕەستگاری مەجد لە ساڵی ١٣٧٢ / ١٩٩٣ ەوە لە ئێران ژیان بەسەردەبات، باوکی سێ منداڵە و مۆڵەتی نیشتەجێبوونی ئێرانی دراوەتێ. ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٨ / ٢٠١٩.٠٩.٢٣ بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە پووچەڵکردنەوەی ناسنامەی ئێرانیی لەلایەن دادگای گشتی ورمێوە و هەروەها هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ تورکیا پاش تێپەڕکردنی سزاکەی دەستی دایە مانگرتن لە خواردن و لە ئەنجامدا لە ڕۆژی ٩ی خەزەڵوەر /  ٢٠١٩.١٠.٣١ پاش بەڵێنی جێگری داواکاری گشتیی ورمێ بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ماوەی ٥ ساڵە لە بەندیخانەدایە و لە ئێستادا لە بەندیخانەی ورمێ سزای ١٥ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕدەکات.