ڕۆژی ڕابردوو ٦ی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبەر) نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا بۆ سەپاندنی دووهەم حوکمی لەسێدارەدان، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە دوابەدوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرەتای مانگی پووشپەڕدا (کۆتایی ژوەن) بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە بەندی زیندانیانی سیاسییەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ٣ کە بەندی ئەو زیندانیانەیە کە هێشتا چارەنووسیان دیاری نەکراوە. ئەویش وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بۆ سەپاندنی دووهەم حوکمی لەسێدارەدان، لە ڕۆژی ڕابردووەوە مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوابەدوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانە کراوە.

نایب عەسکەری کە پێشتر لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەر (٢٧ی سێپتامبەر) لە یەکێک لە لقەکانی دادگای کەیفەریی ورمێدا بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتن»ی فەرماندەیەکی سوپای پاسداراندا دادگایی کراوە.

موستەفا سوڵتانی لە فەرماندە کوردەکانی سوپای پاسدارانی ورمێ بوو کە ساڵی ١٣٩٣ (٢٠١٤) لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا بە سەختی بریندار بوو و لە ڕەشەمەی ١٣٩٩دا (مارسی ٢٠٢١) بە هۆی تووشبوونەوە بۆ کۆڤیدی ١٩ گیانی لە دەست دا. بنەماڵەی ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران بە هاوکاریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، داوایەکی یاساییان دژ بەم زیندانییە سیاسییە تۆمار کردووە و ڕایانگەیاندووە کە نایب عەسکەری بەشداریی لەو تێکهەڵچوونەدا کردووە کە تێیدا موستەفا سوڵتانی بریندار بووە و ناوبراو بە هۆی لێکەوتەی برینەکانی ئەو تێکهەڵچوونەوە گیانی لە دەست داوە.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

ناوبراو کە لە چەند ساڵ پێش دەستبەسەرکردنەوە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) بە شێوەی غیابی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووبوو. دوای تانەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە حوکمی لەسێدارەدانی غیابی، حوکمەکە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (ئاوریلی ٢٠٢٣) ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) سزای لەسێدارەدان و پێدانی ٩٠٠ میلیۆن تمەن غەرامەی پارەی بەسەردا سەپا و حوکمەکە ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوە (١٥ی ئاوریل) لە زینداندا بە فەرمی پێی ڕاگەیەنرا.

نایب عەسکەری لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و زیندانییانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامە حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٦ی جولایی ٢٠٢١) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست نەدانی مۆڵەتی یاسایی بە مەبەستی هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی تاقیکاریی پێویست، بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.