عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد کە بۆ تێپەڕاندنی سزای ١٦ مانگ بەندکران لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ـەوە (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە زیندانی سەقزدایە، گیرۆدەی نەخۆشیی «فتقی ئینگۆیناڵ» بووە و سەرەڕای ئەم نەخۆشییە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە، ئەمەش بووەتە مایەی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست دۆخی تەندروستیی ئەم چالاکە کرێکارییەدا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە لە سەرەتای بەفرانباردا (کۆتاییەکانی دیسامبەری ٢٠٢٣) بە هۆی خراببوونی باری تەندروستییەوە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کرابوو و لەوێ پزیشکەکان ڕایانگەیاندبوو کە تووشی نەخۆشیی «فتقی ئینگۆیناڵ» بووە و دەبێ بە زووترین کات نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.

سەرەڕای ئەوەی پزیشکیی دادی شاری سەقز ڕایگەیاندووە کە ئەم چالاکە کرێکارییە دەبێ زۆر خێرا نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان و دادگای ئەم شارە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیی دەرمانی یان ناردنی بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان هەڵنەگرتووە.

عوسمان ئیسماعیلی لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباردا (٢ی ژانڤییە) بە فەرمانی لقی دووهەمی جێبەجێکردنی سزا کەیفەرییەکانی دادگای سەقز بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی دەرمان ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کرا، بەڵام بەرپرسانی ئەم زیندانە بە بیانووی ناتەواوبوونی دۆسیەکەیەوە ئامادە نەبوون وەری بگرن و سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی سەقز.

بەپێی بۆچوونی پزیشکەکان، ئەگەر ئەم زیندانییە سیاسییە لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پسپۆرانەی پزیشکی بێبەش بکرێت، باری تەندروستیی دەکەوێتە بەر مەترسیی زۆر جیدییەوە.

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی ناسراو و زیندانیی سیاسیی پێشوو، لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (٨ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم چالاکە کرێکارییە دوای ٧٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢ (١٨ی ژوەنی ٢٠٢٣) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبەر) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرا.

بەپێی ئەو حوکمە، عوسمان ئیسماعیلی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی، بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینیدا، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم جالاکە کرێکارییە دوای ڕاگەیاندنی حوکمەکە بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە دادنامەکە لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە سزاکە گۆڕدراوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران: «دادگا بە سەرنجدان بە هەبوونی هۆکارەکانی دابەزاندنی سزاکان لە مادەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، لەوانە بارودۆخی تەمەنی ئاغای ئیسماعیلی و خێزانداربوون، بە گەڕانەوە بۆ ئەو مادەیە و هەروەها بۆ مادەی ٦ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکران پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩، پەیوەست بە مادەی ٣٧ی یاسای سزادانی ئیسلامییەوە پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، گەورەترین سزای بەندکرانی ناوبراو کەم دەکاتەوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوونەکەیەوە».

ئەو حوکمە لە سەرەتای گەڵاڕێزاندا (کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە دیوانی باڵای ئێرانیشدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و پێی ڕاگەیەنرا کە دەبێ لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە کاتی تۆمارکردنی بانگهێشتنامەکەوە لە سیستەمی ئەلەکترۆنیی دەزگای دادوەریدا، بۆ جێبەجێکردنی سزاکە خۆی ڕادەستی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان (ئیجرای ئەحکام)ی دادگای سەقز بکات.

عوسمان ئیسماعیلی ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٢ (١١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە ناسراوە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی پشتیوانکردنەوە لە مافەکانی کرێکاران و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە سەقزدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.