مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «نەنەڵە» و مامۆستا لوقمان ئەمینی، بەرنوێژی مزگەوتی جامیعەی «چواریاری نەبی»ی شاری سنە، بانگهێشتی بەردەم دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە بانگهێشتنامەکەدا ئەم دوو مامۆستایە بۆ ڕۆژی ١٧ی جۆزەردان (٧ی ژوەن) بانگهێشتی بەردەم دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان کراون.

لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە و مامۆستا لوقمان ئەمینی لە جادەی سنە بۆ مەریواندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەکان پاش دەستبەسەرکردنی مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە گوندی نەنەڵە و ماڵەکەیان پشکنی.

ئەم دوو مامۆستایە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە (٢٢ی فێبرییە) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە (٢١ی مارس) تا ئێستا لانیکەم ٦ مامۆستای ئایینیی کورد بە ناوەکانی مامۆستا حسەین عەلیمورادی، مامۆستا سابیر خودامورادی، مامۆستا ئارمان سادقی، سەیدجەلال ئەکبەری، مامۆستا مادێح کەرەمی و مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی لە شارەکانی سنە، سەقز، دێولان و سەوڵاوا لەبەر پێشکەشکردنی وتاری پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە سزای بەندکران، بەندکرانی هەڵپەسێردراو، قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپاوە.