زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی، لە شازدەهەمین ساڵی زیندانیبوون و لە زیندانی ناوەندیی یەزددا، سەرەڕای تووشبوون بە کۆمەڵە نەخۆشییەکی وەک بەفرەکی دەم، ناخوونەکی چاو، کزبوونی بینایی، ئاسم، کێشەی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس، بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە و بینایی یەکێک لە چاوەکانی لە بەردەم مەترسیی جیدیدایە.

هەروەها ئەم زیندانییە سیاسییە لەم حەفتانەی ڕابردوودا بە کەلەبچە و پێبەندەوە و لە لایەن تیمێکی لێپرسەوەی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە خراوەتە ژێر لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کراوە هەتا پەشیمانی دەرنەبڕێت لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی زیندانییەک، لەوانە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، بێبەش دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «چاوەکانی زەینەب جەلالیان بە هۆی چەندین ساڵ بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی زەبری کاریگەریان بەر کەوتووە و بینایی چاوەکانی لە بەردەم مەترسیی جیدیدایە. تەنانەت چاویلکەیشیان لێ قەدەغە کردووە و بۆ خوێندنەوە ناچارە جاویلکەی زیندانییەکانی تر بە کار بهێنێت».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، جیا لە کێشەی بینایی، هەوکردن (ئیلتیهاب)ی سییەکان و کۆئەندامی هەرسیش هێشتا هەر ئازاری دەدات و بە هۆی لاوازبوونی جەستەوە لە دۆخێکی تەندروستیی نەگونجاو و خراپدایە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا باسی لە لێپرسینەوەی دووبارە لە زەینەب جەلالیان لە لایەن تیمێکی لێپرسەوەی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە زیندانی یەزددا کرد: «ئەم زیندانییە سیاسییە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بە کەلەبچە و پێبەندەوە براوەتە نووسینگەی بەشی پاراستنی زیندانی ناوەندیی یەزد و لە لایەن تیمێکی سێ کەسیی لێپرسەوەی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە خراوەتە ژێر لێپرسینەوە. لێپرسەوە ئەمنییەکان بە زەینەبیان ڕاگەیاندووە دەبێ ئەو نامەیە بە درۆ بخاتەوە کە لەگەڵ چەند ژنەزینداییەکی سیاسیی دیکەی وەک نەرگس محەممەدی و گوڵڕوخ ئیراییدا واژۆی کردووە و لە ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسادا بڵاو کراوەتەوە. لێپرسەوە ئەمنییەکان هەروەها پێیان وتووە کە بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاسایی کە دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر دۆسیەی زیندانییەکان لە لای دەزگای دادوەرییە، وەزارەتی ئیتلاعات بەرپرسی دۆسیەکەی ئەوە و بڕیاردان لەسەر دابینکردن و وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی و ئازادکردنی لە دوای ڕاگەیاندنی پەشیمانییەوە، لە دەسەڵاتی ئەم دەزگا ئەمنییەدایە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، زەینەب جەلالیان هەموو داواکارییەکانی ئەم لێپرسەوە ئەمنیانەی بۆ دەربڕینی پەشیمانی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لێپرسینەوە بە کەلەبچە و پێبەندەوە هەر خۆی نموونەی ڕوونی ئەشکەنجەیە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٣) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان (٦ی ژوەن) دوای ئەوەی ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی یەزد جێژنێکیان بۆ ٤١ـەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئەم زیندانییە سیاسییە گرتبوو، بەرپرسی پاراستنی زیندانەکە هەموو ئەو ژنانەی بەکۆمەڵ بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کردبوون کە لەبەر ئەو کارەیان دۆسیەی تازەیان بۆ دەکرێتەوە.

زەینەب جەلالیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە ڕەشەمەی ١٣٨٦ (فێبرییەی ٢٠٠٨) لە کرماشاندا هەتاکوو ئەمڕۆ کە لە زیندانی ناوەندیی یەزددایە، چەندین جار بە شێوەی نایاسایی و توندوتیژیئامێز لە نێوان زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا جێگۆڕکێی پێ کراوە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، ٤١ ساڵان و خەڵکی له‌ گۆندی «دێم قشڵاق»ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ کە له ڕێکەوتی ٧ی‌ ڕەشەمەی‌ ١٣٨٦ی هه‌تاوی (٢٦ی فێبرییەی ٢٠٠٨) له‌ كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، ئێستە لە زیندانی یەزددایە. زەینەب لە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٨ی مەیی ٢٠٢٠) بەبێ هیچ هۆکارێکی یاسایی دوور خرایەوە بۆ ئەم زیندانە. نزیکەی ٦ مانگ پێش دوورخستنەوەی بۆ زیندانی یەزد، سەرەتا لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ١٣٩٩دا (٢٩ی ئاوریلی ٢٠٢٠) بەشێوەی لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت یاخود خستنەبەردەستی دەستوور و هۆکارێکی یاسایی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی خۆیەوە کە نزیکترین زیندان بوو بە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی، گوێزرایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٢ مانگ و لە حاڵێکدا کە تووشی کۆڤیدی ١٩ (کۆرۆنا) ببوو و بە مەبەستی قبووڵکردنی داواکاریی گەڕاندنەوەی بۆ زیندانی خۆی مانی لە خواردن گرتبوو، دیسانەوە هەروەک جاری پێشوو گواستیانەوە بۆ زیندانی کرمان و بۆ ماوەیەکیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانەدا ڕایان‌گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە سەرلەنوێ لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زیندانی کرمان برایە دەرەوە و دوای دوو ڕۆژ دەرکەوت کە ڕەوانەی زیندانی کرماشان کراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە هۆی ئەوەی بە درێژایی ئەو ڕێگایە کەلەبچە و پێبەندی لێ درابوو و هێزە ئەمنییەکان لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ ناو ئۆتۆمبێل بەسەر عەرزدا ڕایان‌کێشابوو، مەچەکی دەست و قاچەکانی بە قورسی بریندار ببوون، هەر بۆیە بەرپرسانی زیندانی کرماشان سەرەتا لەبەر دۆخی ناجێگیری زەینەب لە ڕووی تەندروستییەوە، ئامادە نەبوون وەری‌بگرن.

زەینەب جەلالیان بۆ دووهەم جار لە زیندانی یەزد تووشی کۆڤید بوو و سەرەڕای ئەوەی دۆخی تەندروستیی زۆر خراپ بوو، بۆ ماوەیەکی درێژ خستبوویانە ژوورێکی گشتیی تایبەت بە کەسانی موعتادەوە کە شوێنێکی زۆر پیس بوو و خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکییشیان بۆ دابین نەکردبوو. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای دوو جار تووشبوون بە کۆرۆنا و لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی، لە قۆناغی پاش نەخۆشییەکەدا تووشی ئاسم و کێشەی سییەکانی بوو. ئەم نەخۆشییانە کە لە لایەن پزیشکی زیندانیشەوە پشتڕاست کراونەتەوە، لەگەڵ نەخۆشییەکانی پێشتریدا، لەوانە کێشەی گورچیلە و کۆئەندامی هەرس، بەفرەکی دەم، ناخوونەکی چاو، کزبوونی بینایی، ئیلتیهابی ددان و… کە لە ماوەی بەندکران و لە ئەنجامی ئەشکەنجەی قورس و دۆخی نالەباری زینداندا تووشی بووە، بوونەتە هۆی تێکچوون و لاوازیی جەستە و تەندروستیی زەینەب.

زەینەب جەلالیان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بە هۆی جێگۆڕکێی بەردەوامەوە لە نێوان زیندانە جیاوازەکاندا و دووربوونی مەودای نێوان یەزد و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی لە ماکۆ، هەروەها لەبەر سنووردانان و قەدەغەکارییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان، نەیتوانیوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی یەزد چەند جارێک دیداریان لەگەڵ ئەم زیندانییە سیاسییەدا کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە هەواڵێک لەسەر بارودۆخی لە ڕێگای خۆی و بنەماڵەکەیەوە لە میدیاکاندا دەبێتە هۆی توندترکردنەوەی گوشارەکان و دوورخستنەوەی دووبارەی بۆ زیندانێکی تر.

هێزە ئەمنییەکانی ماکۆ لە ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی گوزەل حاجیزادەی دایکی زەینەب جەلالیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە بارودۆخی کچەکەی، هەم خۆی و هەم عەلی جەلالیانی باوکی زەینەب و هەم سێ براکەی بە ناوەکانی پاشا، ئیبراهیم و یووسفیان دەستبەسەر کرد. ئەگەرچی ئەندامانی بنەماڵەی زەینەب دوای شەووڕۆژێک و بە هۆی لەسەرخۆچوونی دایکی زەینەبەوە ئازاد کران، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر هەرچەشنە بڵاوکردنەوەیەکی هەواڵ و وتووێژکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا سەبارەت بە بارودۆخی زەینەب هەڕەشەی لێ کردوون. هێزە ئەمنییەکان هەروەها داوایان لەو بنەماڵەیە کردبوو لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا دژ بە چالاکییەکانی زەینەب و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان قسە بکەن کە ئەوان زۆر بە توندی ڕەتیان کردبۆوە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان لەدایکبووی ١٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی (٦ی ژوەنی ١٩٨٣) له‌ گۆندی «دێم قشڵاق»ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ، له ڕێکەوتی ٧ی‌ ڕەشەمەی‌ ١٣٨٦ی هه‌تاویدا (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) له‌ كرماشان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دوای چەندین مانگ ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا و ئەشکەنجەدانی قورسی جەستەیی و دەروونی، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە، بەڵام ساڵی ١٣٩٠ (٢٠١١) دوای پلەیەک کەمکردنەوە، گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی.

کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٧) و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکرێت و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگیرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانە و پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.