ئێوارەی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان (١٢ی فێبرییە) سەجاد مەلەکشاهی، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە، دوای بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیەک لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندان (١٢ی فێبرییە) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەجاد مەلەکشاهی لە شاری قوروەدا و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

سەجاد مەلەکشاهی لەو گرتە ڤیدیۆییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، ڕەخنەی لە بارودۆخی ئێستای ئێران گرتووە و داوای لە خەڵک کردووە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەشداری نەکەن.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانیشدا (٢٨ی ژانڤییە) بەهمەن نادری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان، دوای بانگهێشتکران بۆ لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کرماشان، بە هۆی بڵاوکردنەوەی بانگەوازێکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی ڕووبەڕوو کرایەوە. ئەم هاووڵاتییە دوای چەند کاتژمێرێک بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەردوو هەڵبژاردنی پارلەمان و ئەنجومەنی خوبرەگانی ئێران لە مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵدا (مارسی ٢٠٢٤) بەڕێوە دەچێت.