زیاتر لە دوو مانگە پەناخوازێکی کوردی ئێرانی بە ناوی ئەنوەر نیلووفەری لە بەردەم نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مانی لە خواردن گرتووە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هیچ کاربەدەست، ڕێکخراو و دەوڵەتێکی پێوەندیدار و بەرپرس هەنگاوێکی کرداریی بۆ قبووڵکردنی داوای پەنابەری و گواستنەوەی ناوبراو بۆ وڵاتێکی ئەمنی سێهەم هەڵنەگرتووە.
ئەنوەر نیلووفەری لەسەر دوایین بارودۆخی خۆی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وت: «من لە ٢٣ی ژوەنی ٢٠٢٠ـەوە وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە ئاوڕنەدانەوەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان(UNHCR) لە داواکارییەکەم بۆ نیشتەجێکردنی دووبارەم، بۆ دووهەم جار لە بەردەم دەرگای ئەم ڕێکخراوەیەدا لە ئاسینا مانم لە خواردن گرتووە. مانگرتنەکەم تاکوو ئەمڕۆ کە شەممە ٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٠ـە بەردەوامە، واتە ٦٨ ڕۆژ مانگرتن لە تەپوتۆزی سەر شەقامدا بەبێ هیچ پەناگەیەک لە ژێر خۆرەتاوی سووتێنەر و گەرمای پڕووکێنەری هاویندا. تا ئەم چرکەیە نەتەنیا هیچ ئاوڕێک لە داواکارییەکەم نەدراوەتەوە، بەڵکوو تەنانەت خۆیان لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکی و پشتگیرییە یاساییەکانیش دزیوەتەوە».
ئەنوەر نیلووفەری یەکێکە لەو هەزاران پەناخوازەی لەبەر هۆکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و… لە وڵاتی خۆیاندا لە ژێر مەترسیدا بوون و بە هیوای ژیانێکی باشتر و پارێزراو بە ناچار وڵاتیان بەجێ هێشتووە و ئێستە ئاوارەی وڵاتە جۆراوجۆرەکانی وەک تورکیا و یۆنانن.
ئەنوەر نیلووفەری یەکێکیە لەو پەناخوازانەکە دوای ٦ ساڵ ئاوارەبوون و نادیاربوونی چارەنووس و جارێک دەرکران لە وڵاتی سوێد، ئێستە بۆ دووهەم جار دەستی داوەتە مانگرتنێکی درێژخایەن و لە پێناو وەرگرتنی مافی پەنابەری و ژیانکردن لە وڵاتێکی ئەمندا گیان و تەندروستیی خۆی خستۆتە بەر مەترسییەوە، بەڵکوو بەم کارە دەنگی بگەیەنێتە گوێی دونیا. یەکەم مانگرتنەکەی لە ٢١ی مارسی ٢٠١٧ـەوە تا ٢٣ی مەی ٢٠١٧ بۆ ماوەی ٦٤ ڕۆژ درێژەی کێشا.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ کە پێشینەی کارکردنی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا هەیە، بە تەواوی ئاگادارە لەو زوڵم و زۆرانەی لە هەندێ بەشی گەورەی کۆمەڵگای ئێران دەکرێت، بە تایبەت لە کەمایەتییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان (کوردەکان، عەرەبەکان، بەلووچەکان و… سوننەکان، یارسانەکان، بەهاییەکان و…)، ژنان و کەسانی کۆییر (*LGBTI) و هەروەها ئەو هاووڵاتی و چالاکە سیاسییە ڕەخنەگرانەی ڕەخنە لە حکوومەت دەگرن. هەر بۆیە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداوی پێوەندیدار بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە لە کوردستانی ئێراندا و بۆ باشترکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و مافی هاووڵاتێتیی هەموو ئینسانەکان لە ئێراندا تێدەکۆشێت.
هەر بۆیە بە سەرنجدان بەو دۆخە نالەبارەی ئەنوەر نیلووفەریی تێدایە و هەروەها ئەو هۆکارە جیدی و باوەڕپێکراوانەی وای کردووە بە ناچاری ئێران بەجێ بهێڵێت، وێڕای پشتیوانیکردن لە مافی پەنابەریی ئەم هاووڵاتییە کوردە ئێرانییە و سەرجەم پەناخوازەکانی‌تر، داوا لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین پێش ئەوەی بەردەوامبوونی مانگرتنەکەی بێتە هۆی خەساری قەرەبوونەکراو لە جەستەی و گیانی بخاتە بەر مەترسیی جیدییەوە، زووبەزوو و دەستبەجێ هەنگاوی کرداری هەڵبگرێت بۆ ئاوڕدانەوە لە داواکارییەکەی و گواستنەوەی بۆ وڵاتێکی ئەمنی سێهەم.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەوەها سەرنجی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی وەرگری پەنابەران بۆ پرسی دەرکردنی بەربڵاوی پەناخوازە سیاسییەکانی ئێران لە وڵاتی تورکیا و ڕادەستکردنەوەیان بە ئێران ڕادەکێشێت، زۆربەی ئەو پەناخوازانەی ڕادەست کراونەتەوە لە ئێراندا ڕووبەڕووی دەستبەسەربوون، حوکمی قورسی زیندانیکردن و تەنانەت حوکمی لەسێدارەدان بوونەتەوە. هەر بۆیە داوا لە کۆمیساریای پەنابەران و دەوڵەتان دەکەین ئەرک و بەرپرسایەتییە یاسایی و مرۆییەکانی خۆیان لە ئاست پەناخوازاندا جێبەجێ بکەن و بەر بە هەرچەشنە دەرکردن و ڕادەستکردنەوەیەکی زۆرەملێی پەناخوازان بۆ ئێران بگرن.

با ئاماژە بە تەنیا یەک لەم نموونانە بکەین؛ حەفتەی ڕابردوو پەناخوازێکی کوردی ئێرانی بە ناوی مەسعوود قادری کە داوای پەنابەرییەکەی ڕەت کرابۆوە و مەترسیی ڕادەستکردنەوەی لەسەر بوو، لە وڵاتی سویسرا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە ئەم پەناخوازانە زۆر دەترسن لەوەی بگەڕێنرێنەوە بۆ ئێران و ڕادەستی حکوومەتی ئێران بکرێنەوە. خۆکوشتن و مەرگی پەناخوازانی وەک مەسعوود قادری کە بە داخەوە ژمارەشیان کەم نییە، دەبێ ویژدانی مرۆڤەکان لە زۆڵم و ستەمی سەر پەناخوازان ئاگادار بکاتەوە و بێتە هۆی ئەوەی کاربەدەستان و ڕێکخراوە جیهانییەکان لە ئاست پاراستنی گیان و ئاسایشی ئەو مرۆڤانەدا کە بە ناچاری وڵاتەکەیان بەجێ هێشتووە و پەنایان بۆ لای ئەوان هێناوە، بەرپرسیارانە و وەڵامدەرانە بجووڵنەوە.
نوسخەیەک بۆ:
نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئاسینا
نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ
نووسینگەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆتاوا