لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان، چالاکان و بنەماڵەی گیانبەختکردوانی ئەم سەرهەڵدانەیان لە سەرانسەری ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا دەست پێ کردووە. هاوکات بەشی زۆری کاسبکاران و بازاڕیانی شارە جیاوازەکانی کوردستان ڕووبەڕووی هۆشداری و هەڕەشە بوونەتەوە کە بۆیان نییە لە ساڵڕۆژی سەرهەڵدانەکەدا مان بگرن و شوێنی کارەکەیان دابخەن.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی زیاتریش بانگهێشتی بەردەم دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان کراون. هاوکات دەزگای دادوەری سزای بەندکرانی بەسەر هەندێ لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا سەپاندووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە یەک ساڵ لە دەسپێکردنی ئەم سەرهەڵدانە، زۆرێک لە دەستبەسەرکراوان بە سزای قورسەوە یان بەبێ ئەوەی چارەنووسیان دیاری بکرێت، هێشتا هەر لە زیندانەکاندان.

زۆربەی دەستبەسەرکراوان و بانگهێشتکراوانی ئەم دواییانە کەسانێکن کە پێشینەی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان یاخود چالاکیی سیاسی و مەدەنییان بووە. هەروەها هەندێ کەسیش تەنها لەبەر بڵاوکردنەوەی بابەتێک یان وێنەیەکی پێوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگهێشت و دەستبەسەر کراون. هاوکات ژمارەیەک لەئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادییش لەم حەفتانەی دواییدا دەستبەسەر یاخود بانگهێشتی بەردەم دامودەزگا ئەمنییەکان کراون و لەسەر بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە بانگەوازێک بۆ ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانبەختکردوانیان هەڕەشەیان لێ کراوە.

ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتاده و ماردین دەرئوفتاده، باوک و برای کۆمار دەرئوفتاده، ماشەڵلا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون مەحموودی، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری،‌باوکی زانیار ئەبووبەکری و شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری، لەو کەسانەن کە لە شارەکانی قووچان، پیرانشار، کەرەج، سەقز و مەهاباد لەم حەفتانەی ڕابردوودا بانگهێشت و دەستبەسەر کراون یاخود کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە. لە شارەکانی تری ئێرانیشدا هێزە ئەمنی و دادوەرییەکان دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی بنەماڵەی گیانبەختکردوان.

لە لایەکی ترەوە، دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزانامەی «موحارەبە»ی بۆ ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی دەستبەسەرکراوی کوردستان دەرکردووە و مەترسیی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەم کەسانە لە ئارادایە، لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە تەوحید دەروێش، پووریا جەواهێری، کەیوان زەندی، ئارام ئازاد، سەردار شاە‌مورادی، هووشەنگ چەهارگورگه، فەرزاد تەهازادە، فەرهاد تەهازادە، هەژار حەمیدی، هێمن شاهی، فەریاد حەمزه‌شوور، ڕەزا ئیسلامدۆست، شەهرام مەعرووف مەولا و ئەیوب ئاغلیانی لە شارەکانی تەورێز، کامێران، سنە و شنۆدا.

حکومەت دەیهەوێ بە زاڵکردنی کەشی ترساندن و تۆقاندن ڕێگری لە هەرچەشنە جووڵەیەکی ناڕەزاییانەی تازە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی بەربڵاوی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا بکات؛ ڕاپەڕینێکی کەموێنە کە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی یان ڕاپەڕینی ژینا ناوی دەرکردووە و بووەتە یەکێک لە بەربڵاوترین و درێژخایەنترین خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کوردستان لە لایەکەوە لە دەسپێکردن و درێژەپێدانی ئەم ڕاپەڕینەدا دەورێکی بەرچاوی هەبووە و لە لایەکی ترەوە سەرکوت و کوشتاری حکومەتیی زۆر زیاتری ئەزموون کردووە. بەپێی گەلێ ڕاپۆرتی دامەرزاوەکانی مافی مرۆڤ، بەلووچستان و کوردستان خاوەنی زیاترین ڕێژەی گیانبەختکردوانی ئەم سەرهەڵدانە بوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ژمارەی هاووڵاتیانی گیانبەختکردووی کوردی ئەم ڕاپەڕینەی ١٢٥ کەس ڕاگەیاندووە کە ١٢ کەسیان منداڵ بوون. جیا لەمە، هەزاران هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو و بریندار بەشێکی تر لە پەرچەکرداری توندئاژۆیانەی حکومەت بووە لە ئاست خۆپیشاندانی هێمنانەی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتی هەمیشەیی سەرکوتکارانەی خۆی لە بەرانبەر ڕەخنە و ناڕەزایەتیی جەماوەردا، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەردەوام هەوڵی داوە لە ڕێگای کوشتار، لەسێدارەدان، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجەدان و سەپاندنی سزای قورسەوە کۆنترۆڵی دۆخی شڵەژاو و قەیراناویی کۆمەڵگا بکات و لە ترسی دەسپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان لە ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، ئاستی سەرکوتەکانی بەرزتر کردووەتەوە و شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی هاووڵاتیان، چالاکان و بنەماڵەی گیانبەختکردوانی دەست پێ کردووە. هەر لە دووتوێی ئەم پلانەدا، دامودەزگا ئەمنییەکان دەستیان داوەتە شکاندن و شێواندنی بەردی قەبرەکان، گۆڕینی پێکهاتە و دیمەنی گۆڕستانەکان و دانانی کامێرای چاودێریی ئەمنی لە ناو گۆڕستانەکاندا تا بە خەیاڵی خۆیان نەهێڵن شوێنی ئەسپەردەکردنی گیانبەختکردوان ببێتە ناوەندی کۆبوونەوەی خەڵک.

حکومەت بە تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە کوردستان دەروازەی دەسپێکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بووە، ئێستا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا و گیانبەختکردوانی تری ئەم سەرهەڵدانەدا، دەیهەوێت بەر بە هەرچەشنە جووڵەیەکی ناڕەزاییانە، تەنانەت لە فۆرمی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادکردنەوە و ساڵڕۆژی گیانبەختکردواندا، بگرێت. دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی بەربڵاوی ئەم حەفتانەی دوایی و هەروەها هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی گیانبەختکردوان، ئەگەرچی ڕێکارێکی سەرکوتکارانەی نەناسراوی ئەم حکومەتە نییە، بەڵام پێویستە ببێتە هەوێنی پەرچەکرداری جیدیی دامەرزراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێونەتەوەییدا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیان و چالاکانی کوردستان و سەرانسەری ئێران و لەگەڵ بەرزڕاگرتنی یادی ژینا و گیانبەختکردوانی دیکەی ئەم سەرهەڵدانە و کۆی گیانبەختکردوانی ساڵانی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا، پێبەپێی بنەماڵەی دادخوازان و سەرجەم خەڵکانی ناڕازی، پشتیوانیی تەواو دەکات لە مافی بنەماڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی ساڵیادی خۆشەویستەکانیان و هەروەها لە مافی خۆپیشاندانی خەڵک لەسەر شەقامەکان و لە ئاست دۆخی شڵەژاو و قەیراناویی زاڵ بەسەر کوردستان و ئێران لە هەموو ئاستێکی سیاسی، ئابووری، مافی مرۆڤ و هتددا. هەروەها داوا لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنەکانی سەرانسەری جیهان دەکات لێبڕاوانە چاودێریی وردی سەرکوتکردنە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن و ئەرکە جەوهەرییەکانی خۆیان لە ئاست خەڵکانی ژێر سەرکوت و ستەمی ئەم حکومەتەدا جێبەجێ بکەن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

خەرمانانی ١٤٠٢

ئاگۆستی ٢٠٢٣