تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە بۆنەی هەشتی مارسەوە، ڕۆژی جیهانیی ژنان، لەم ڕاپۆرتەدا ئاوڕی داوەتەوە لە حاڵەتەکانی ژنکوشتن، خۆکوشتنی ژنان، دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ژنەچالاکوانانی کورد لە نێوان ٨ی مارسی ٢٠٢١ تا ٨ی مارسی ٢٠٢٢دا (١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ – ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠).

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە نێوان ٨ی مارسی ٢٠٢١ تا ٨ی مارسی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٧٨ ژن و منداڵی کچ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوشتن و گیانیان لەدەست داوە. ١٥ کەس لەمانە کچانی مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ بوون. هۆکاری زۆربەی ئەم خۆکوشتنانە «کێشەی خێزانی»، «هەژاری»، «دژایەتیکردنی هاوسەرگیریی زۆرەملێ»، «خەمۆکی» و «ڕێگریکردن لە درێژەدان بە خوێندن» ڕاگەیەنراوە. زۆربەی ئەم کەسانە دانیشتووی شاری ورمێ و خێزاندار بوون و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەها توانیویەتی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە و بە پشتبەستن بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی تر، ٣٤ حاڵەتی ژنکوشتن لە نێوان ٨ی مارسی ٢٠٢١ تا ٨ی مارسی ٢٠٢٢دا لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام تۆمار بکات. «کێشەی ماڵی»، «کێشەی خێزانی»، «کێشەی نامووسی»، «ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری» و… وەک هۆکارەکانی ئەم کوشتنانە ڕاگەیەنراون. ٦ کەس لەم ژنە کوژراوانە بە ڕێکەوت لەو شوێنانەدا بوون کە ژنانێکی تر کراونەتە ئامانجی کوشتن و ئەمان وەک هاوڕێ، دایک یان خوشکی ئەو ژنانە بە ڕێکەوت لەگەڵیان بوون و گوللەی بکوژەکانیان بەر کەوتووە و گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی ئەم ژنە کوژراوانە، ١٤ کەس لە پارێزگای کرماشان (شارەکانی کرماشان، هەرسین، سونقوڕ و ڕوانسەر)، ٤ کەس لە پارێزگای ئیلام (شارەکانی ئیلام و دەڕەشار)، ٩ کەس لە پارێزگای کوردستان (شارەکانی سنە، سەقز و مەریوان)، ٥ کەس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (شارەکانی پیرانشار، سەردەشت و تیکاب)، یەک کەس خەڵکی پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاری ساری و کەسێکیش خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری هەمەدان بوون. ٢٩ کەس لەم ژنانە دانیشتووی شارەکان و ٥ کەس دانیشتووی گوندەکان بوون. لەم ٣٤ ژنە کوژراوە چواریان زگورت و ئەوانی تر خێزاندار بوون.

١٧ کەس لەم ژنانە بە دەستی هاوسەر، ٢ کەس بە دەستی هاوسەری پێشوو، ٢ کەس بە دەستی باوک، ٥ کەس بە دەستی زاوا، ٣ کەس بە دەستی ئەو داخوازیکەرانەی داواکارییەکەیان بۆ هاوسەرگیری ڕەت کراوەتەوە، یەک کەس بە دەستی برا، یەک کەس بە دەستی هاوسەری هاوڕێ، یەک کەس بە دەستی کوڕەکەی، یەک کەس بە دەستی خەزووری و یەک کەسیش بە دەستی پیاوێک کە هیچ پێوەندییەکی خزمایەتیی لەگەڵیدا نەبووە، کوژراون.

٢٠ کەس لەم ژنانە بە چەکی گەرم، ٥ کەس بە چەقۆ، ٢ کەس بە لێدان و سووتاندن، ٣ کەس بە لێدان، ٣ کەس بە سووتاندن، ١ کەس بە خنکاندن و ١ کەسیش دوای بەردانەوەی بەئەنقەست لە ئۆتۆمبێلێکەوە کە لە حاڵی ڕۆیشتندا بووە، گیانیان لەدەست داوە.

لەم ساڵەدا وەک ساڵانی ڕابردوو چالاکانی ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، وێڕای چالاکی و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژی ژنان، هەندێ جار کۆبوونەوەی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە بردووە. بۆ وێنە لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا و دوای کوشتنی فائیزە مەلێکی بە دەستی باوکی، ژمارەیەک لە چالاکانی ژن و داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان لە بەردەم بینای دادگوستەریی سنە کۆبوونەوەی ناڕەزاییانەیان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە نێوان ٨ی مارسی ٢٠٢١ تا ٨ی مارسی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢٣ هاووڵاتی و ژنەچالاکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هەندێ لەم کەسانە دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ژمارەیەکی تریشیان هێشتا هەر دەستبەسەرن یان دوای سەپاندنی حوکمی بەندکران بەسەریاندا ڕەوانەی زیندان کراون. جیا لەمەیش، لە ئێستەدا لانیکەم ٩ ژنەزیندانیی سیاسی و مەزهەبیی کورد لە زینداندان کە ناوەکانیان بریتییە لە زەینەب جەلالیان بە حوکمی زیندانی هەتاهەتاییەوە لە زیندانی یەزد، سنوور خەلیفانی بە حوکمی ١٥ ساڵ زیندانەوە (بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعشدا) لە زیندانی ورمێ، سنوور تامارا بە حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانەوە (هاووڵاتیی تورکیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا) لە زیندانی ورمێ، زارا محەممەدی بە حوکمی ٥ ساڵ زیندانەوە لە زیندانی سنە، سەکینە پەروانە بە حوکمی ٥ ساڵ زیندانەوە لە زیندانی مەشهەد، سوهەیلا حیجاب بە حوکمێکی زیندانەوە کە ٥ ساڵی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە لە زیندانی کرماشان، خەدیجە مێهدیپوور بە حوکمی ٢٠ مانگ زیندانەوە لە زیندانی ئیلام و سوعدا خەدیرزادە و گوڵاڵە مورادی بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لە زیندانی ورمێ.

ژنکوشتن و کوشتنی نامووسی:

١. جیران یەعقووب‌پور، خەڵکی پیرانشار،

٢ و ٣. دوو خوشکی خەڵکی کرماشان کە ناویان نەزانراوە،

٤، ژنێکی خەڵکی ئیلام کە ناوی نەزانراوە،

٥. حمەیرا بازگیر خوڕەمئابادی، خەڵکی دەڕەشاری ئیلام،

٦. گوڵاڵە شێخی، خەڵکی سەقز،

٧. شەکیبا بەختیار، خەڵکی کرماشان،

٨ و ٩. بەیان و سەحەر مورادی، خەڵکی سنە،

١٠. مونیرە قادری، خەڵکی گوندی «گوڵان»ی مەریوان،

١١ و ١٢. شیلان مەندوومی، خەڵکی سنە،

١٣. سارا پیرزادی، خەڵکی هەرسینی کرماشان،

١٤ و ١٥. هوما حاجیپوور و سوعدا ئێسپەندار، خەڵکی پیرانشار،

١٦. سەبری خەلعەتبەری، دانیشتووی گوندی «تیکابی ئێرانخا»ی سەقز،

١٧. مەرزیە حاسڵی، خەڵکی ڕوانسەر،

١٨. فائیزە مەلێکی، خەڵکی گوندی «کۆرکۆرە» (دەوڵەتئاوا)ی سنە،

١٩. لەیلا شەکیبا، خەڵکی سنە و دانیشتووی هەمەدان،

٢٠. ز.ر، خەڵکی ئیلام،

٢١. گوڵاڵە دەهار، خەڵکی گوندی «سێوە»ی پیرانشار،

٢٢. ئاسیە ئەکبەری، خەڵکی گوندی «یووسفجرد»ی سەنقوڕ و کولیایی کرماشان،

٢٣. ئارەزوو ئولفەتی، خەڵکی کرماشان،

٢٤. نگار ئەحمەدی، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی ساری،

٢٥. سورەییا یاری، خەڵکی کرماشان،

٢٦. ژنێکی خەڵکی گوندێکی نزیک تیکاب، ناوی نەزانراوە،

٢٧. سەحەر مورادی، خەڵکی گوندی «باوەرێز»ی سنە،

٢٨. ژنێکی خەڵکی گوندی «سوورکاڵ»ی کرماشان، ناوی نەزانراوە،

٢٩، ٣٠ و ٣١. سێ ژنی خەڵکی کرماشان کە ئەندامانی یەک بنەماڵە بوون، ناویان نەزانراوە،

٣٢. فاتمە سادقی،

٣٣. تاهیرە شەفیعی، خەڵکی گوندی «زەردەڵان»ی ناوچەی هەلیلانی ئیلام،

٣٤. ژنێکی خەڵکی کرماشان، ناوی نەزانراوە.

دەستبەسەرکردن و حوکمی زیندان:

١. گوڵاڵە مورادی، خەڵکی پیرانشار، دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ،

٢. سەفیە مامشپوور، خەڵکی پیرانشار، بە بارمتە ئازاد کراوە،

٣. مەرزیە غوڵاموەیسی، خەڵکی سنە، بە بارمتە ئازاد کراوە،

٤. ویان (ڤیان) محەممەدی، خەڵکی مەریوان و دانیشتووی تاران، بە بارمتە ئازاد کراوە،

٥. سەکینە پەروانە، زیندانی مەشهەد،
٦. فەرانەک جەمشیدی، خەڵکی سنە، دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کراوە،

٧. سورەییا حەقدووست، خەڵکی مەریوان، بە بارمتە ئازاد کراوە،

٨. ژینا حەسەنی موقەدەم، خەڵکی سەقز، زیندانی ژنان لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە،

٩. سنوور تامارا، هاووڵاتیی خەڵکی کوردستانی تورکیا، زیندانی ناوەندیی ورمێ،

١٠. ئانیسا جەعفەری مێهر، خەڵکی شابادی کرماشان، بە بارمتە ئازاد کراوە،

١١. ناهید کەمانگەر، خەڵکی کامێران، بە بارمتە ئازاد کراوە،

١٢. عەزیمە ناسری، خەڵکی مەهاباد، بە بارمتە ئازاد کراوە،
١٣. سومەییە کارگەر، خەڵکی ئیلام، بە بارمتە ئازاد کراوە،
١٤. چرۆ ئەحمەدی، خەڵکی دیواندەرە، بە بارمتە ئازاد کراوە،

١٥. تارا ئەحمەدی، سونیا کەریمی و پەریا فەتحی، خەڵکی جوانڕۆ، ئازاد کراون،

١٦. سوعدا خەدیرزادە، خەڵکی پیرانشار، زیندانی ناوەندیی ورمێ،

١٧. سنوور خەلیفانی (زیندانیی مەزهەبی)، خەڵکی مەهاباد، زیندانی ناوەندیی ورمێ،

١٨. لە ڕێکەوتی ٢٤ و ٢٥ی ڕەزبەردا، ژنانی زیندانیی سیاسیی لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ مانگرتنێکی ناڕەزاییان بەڕێوە برد،

١٩. مریەم سادقی، خەڵکی سنە، بە بارمتە ئازاد کراوە،

٢٠. ڕوئیا جەلالی، خەڵکی سنە، بە بارمتە ئازاد کراوە،

٢١. کەژاڵ نەسری، خەڵکی گوندی «تەنگیسەر»ی سنە، بە بارمتە ئازاد کراوە،

٢٢. موژگان کاووسی، دوای ٢١ مانگ بەندبوون و کۆتاییهاتنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا،

٢٣. زەهرا (زارا) محەممەدی، خەڵکی سنە، بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە،

٢٤. شنە ئەحمەدی، خەڵکی پاوە، زیندانی ژنانی کرماشان،

٢٥. شاناز سادقیفەر، دوای کۆتاییهاتنی حوکمەکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا،

٢٦. زەمانە زیویە، بە بارمتە ئازاد کراوە،

٢٧. ڕوئیا مەحیەدینی، خەڵکی پاوە، زیندانی کرماشان،

٢٨. خەدیجە مێهدیپوور، خەڵکی ئیلام، زیندانی ئیلام،

٢٩. هاجەر سەعیدی، خەڵکی سنە، سزای بەندکرانی هەڵپەسێردراو،

٣٠. ئاژین ڕەحمانی، خەڵکی سنە، سزای بەندکرانی هەڵپەسێردراو،

٣١. ئارەزوو لەتیفی، خەڵکی سنە، ئازاد کراوە،

٣٢. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا و گیرۆدەبوونی چەندین ژنەزیندانیی سیاسی، لەوانە گوڵاڵە مورادی، سنوور خەلیفانی، سنوور تامارا و سومەییە قوڕەیشی،

٣٣. واران (ئەسرا) محەممەدنژاد، خەڵکی سنە، ئازاد کراوە،

٣٤. زەینەب جەلالیان، زیندانی یەزد، (گوزەل حاجیزادەی دایکی زەینەب جەلالیان، دوابەدوای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ناڕەزاییانە لەسەر کچەزیندانییەکەی دەستبەسەر کرا و دوای هەڕەشەلێکردن ئازاد کرا)

٣٥. سوهەیلا حیجاب، خەڵکی کرماشان، زیندانی کرماشان.

بۆ بینی وردەکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە بە زمانی فارسی ئەم لینکە ببینە: