بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠١دا:

ـ لانیکەم ٥٢ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شار و گوندە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستاندا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

حەوت لەم کەسانە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون. بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ١٠ کەس لە دەستبەسەرکراوان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، بەڵام ئەوانی تر هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

ـ لانیکەم بۆ ٥ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕش و گشتیی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستانەوە حوکمی بەندکران دەرکراوە.

ـ لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان و کرماشاندا ١٧ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. هەروەها ٣٢ کۆڵبەر کە لە ناویاندا منداڵیش هەیە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەقینەوەی مین یان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە بریندار یان تووشی زەبری قورس بوون.

ـ لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» و تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە زیندانەکانی سنە، کرماشان و ئەراک لە سێدارە دراون. ئەمانە تەنها ئەو کەسانەن کە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان توانیویەتی لە سەرچاوەی جیاوازەوە ئاگاداریی لەسەر ئێعدامکردنیان بەدەست بهێنێت و پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەش زیاتر بێت.

ـ لانیکەم ژنێکی کورد لە کرماشان بە دەستی هاوسەرەکەی کوژراوە، ئەمە تەنها حاڵەتی ژنکوشتن بووە کە لەم مانگەدا هەواڵی بڵاو بۆتەوە.

ـ لانیکەم ٦ کرێکاری کورد لە ئەنجامی ڕووداوی کاردا گیانیان لەدەست داوە.

ـ بە هۆی تەقینەوەی مینەکانی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراقەوە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و ئیلام لانیکەم ٥ هاووڵاتی و ئەندامی تیمی هەڵگرتنەوەی مین کورد لە شارەکانی بانە و مێهران بریندار بوون.

ـ لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژدا (١٨ی ئاگۆست) سوعدا خەدیرزادە، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار کە لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ـەوە (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) دەستبەسەر کراوە و منداڵەکەی لە ماوەی دەستبەسەربووندا بەدونیا هێناوە، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی چارەنووسی نادیاری خۆی و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا، لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ هەوڵی خۆکوشتنی دا.

هەواڵنێریی میزان کە سەر بە دەوڵەتی ئێرانە، دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەدا، ڤیدیۆیەکی لە دانپیانانەکانی ناوبراو بڵاو کردەوە کە هەواڵی خۆکوشتنەکەی بە درۆ دەخستەوە. ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ بڵاوکردنەوەی ئەم دانپیانانە زۆرەملێیە بە درێژەی زەخت و گوشارەکانی سەر ئەم ژنە و منداڵەکەی لە زینداندا دەزانن.

ـ لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) یووسف ڕەببانی بە کۆدی ڕێکخراوەیی ڕێزان جاوید، هاوسەرۆکی پێشووی کۆمەڵگای ئازاد و دیمۆکراتیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) و لە ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، لە پیلانێکی هاوبەشی دامودەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران و تورکیا، لە شاری قامیشلۆی کوردستانی سووریا (ڕۆژئاوا) بوو بە ئامانجی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەرتەشی تورکیا و لەگەڵ دووان لە هاوڕێکانیدا گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەم چالاکە سیاسییەی خەڵکی مەهاباد لە لایەن بنەماڵەکەیەوە لەم شارەدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای مەهاباد لەڕێی بانگهێشتکردنی ئەندامانی بنەماڵەی یووسف ڕەبانییەوە (ڕێزان جاوید) بەردەوامبوونی ڕێوڕەسمەکەیان لە ماڵەکەی خۆیاندا قەدەغە کرد. لێپرسەوە ئەمنییەکان هەروەها دایک و براکانی ڕێزان جاویدیان خستە ژێر گوشارەوە تاکوو لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا بەشداری بکەن و بەرپرسایەتیی کوژرانی منداڵەکەیان بخەنە ئەستۆی پەژاکەوە.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: