تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە.
بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە.
هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (فێبرییە و مارسی ٢٠٢٤):
- کۆڵبەران
چوار کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی جەعفەر فەرەجی، عەلی زەرغامی، محەممەد گەنجە و عەتا حسەینی لە ناوچە سنوورییەکانی سەقز، بانە، پیرانشار و نەوسوودی کرماشان بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون. هەروەها ڕەحیم محەممەدزادە، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت، دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا گیانی بەخت کردووە و تەرمەکەیشی لەسەر شاخێکەوە هەڵدراوەتە خوارەوە. دوو کۆڵبەریش بە ناوەکانی ئارام مەنووچێهری و سەیوان باتر کە خەڵکی مەریوان بوون، بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلەکەیانەوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا گیانیان لە دەست داوە.
لانیکەم ٤٧ کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بوون. شەش کۆڵبەر بە هۆی داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا، ٥ کۆڵبەر بە ڕووداوی هاتوچۆ، ٤ کۆڵبەر بە ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و ٢ کۆڵبەر بە ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراق، ٢ کۆڵبەر بە تەقینەوەی مین، کۆڵبەرێک بە هۆی بەردتێگرتن و کۆڵبەرێکیش بە هۆی لێدانی چەقۆوە لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە بریندار بوون.
ژمارە | ناو | خەڵکی | شوێنی ڕووداو | بەرواری ڕووداو | بریندار-کوژراو | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | ڕەحمان ڕەحمانیزاده | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | سەرەتای ڕەشەمە | بریندار | ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢ | فواد کارگەر | جوانڕۆ | نەوسوود | ٢ی ڕەشەمە | بریندار | ددەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، خێزاندار و باوکی ٢ منداڵ |
٣ | فازڵ مەلێکی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٢ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤ | سوهەیب (پاشناو نەزانراوە) | جوانڕۆ | نەوسوود | ٢ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٥ | کازم عوسمانی | سەقز | سەقز | ٢ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٦ | یاسین فەلاحی | مەریوان | نەوسوود | ٤ی ڕەشەمە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراندا |
٧ | میلاد ڕووستایی | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٨ | فەرزاد (پاشناو نەزانراوە) | نادیار | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٩ | بێهنام خەسرەوی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١٠ | حسەین بەهرامی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١١ | مەیسەم ڕوستەمی | پاوه | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١٢ | فواد فەیزی | سنە | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١٣ | موبین کەرەمی | سنە | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١٤ | یەحیا نووری | سەوڵاوا | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١٥ | مەیسەم ئەمینی | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١٦ | ئارمان ڕەحمانی | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١٧ | مەحموود کەرەمی | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١٨ | ئەمیر ڕەحمانی | داڵاهۆ | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
١٩ | فەرزاد ڕوستەمی | داڵاهۆ | نەوسوود | ٥ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
٢٠ | جەعفەر فەرەجی | سەقز | بانه | ٧ی ڕەشەمە | کوژراو | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢١ | تاهیر (پاشناو نەزانراوە) | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٧ی ڕەشەمە | بریندار | لێدانی چەقۆ لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە |
٢٢ | فەردین (پاشناو نەزانراوە) | مەریوان | نەوسوود | ١١ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٣ | عەلی زەرغامی | تیکاب | سەقز | ١٣ی ڕەشەمە | کوژراو | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٤ | فەخرەدین یووسفی | بانه | بانه | ١٤ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٥ | ئارش قەیسەریان | بانه | بانه | ١٤ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٦ | ڕەوف قادریان | سەقز | بانه | ١٣ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٧ | عەتا حسەینی | پاوه | نەوسوود | ١٦ی ڕەشەمە | کوژراو | ٣٢ ساڵان و بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران. ئەم کۆڵبەرە بە هۆی سەختبوونی برینەکانیەوە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەدا تووشی مەرگ (وەستان)ی مێشک بوو. |
٢٨ | ئەفشین نەزەری | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ١٦ی ڕەشەمە | بریندار | ئەشکەنجە و لێدانی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٢٩ | زانیار سەیاحی | بانه | بانه | ١٦ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران، باوکی ٢ منداڵ |
٣٠ | ئیدریس خاکپوور | سەقز | سەقز | ١٦ی ڕەشەمە | بریندار | دوای لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە، لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لێ کرد. |
٣١ | مێهدی ئەنوەری | سەقز | سەقز | ١٦ی ڕەشەمە | بریندار | ٢٣ ساڵان و بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٢ | ئەرسەلان نەزەری | داڵاهۆ | نەوسوود | ١٦ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٣٣ | حەیدەر (پاشناو نەزانراوە) | سەقز | سەقز | ١٦ی ڕەشەمە | بریندار | دوای لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە، لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لێ کرد. |
٣٤ | محەممەد میرانی | پاوه | نەوسوود | ١٧ی ڕەشەمە | بریندار | کەمئەندامبوون بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە سنووری نەوسووددا. |
٣٥ | ئەبووبەکر ڕوستەمیان | مەریوان | نەوسوود | ١٧ی ڕەشەمە | بریندار | تەقینەوەی مین |
٣٦ | بەهمەن بەدری | جوانڕۆ | نەوسوود | ١٨ی ڕەشەمە | بریندار | وەرگەڕانی ئۆتۆمبیل |
٣٧ | فایەق بێهنیا | سەقز | نەوسوود | ١٨ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
٣٨ | هیوا ڕەحیمنیا | نادیار | بانه | ١٨ی ڕەشەمە | بریندار | دوای لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە، لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لێ کرد. |
٣٩ | ئارام مەنووچێهری | مەریوان | مەریوان | ١٩ی ڕەشەمە | گیانلەدەستدان | وەرگەڕانی ئۆتۆمبیل بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە ئینتیزامییەکانەوە |
٤٠ | هادی (پاشناو نەزانراوە) | نادیار | نەوسوود | ٢١ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤١ | مەسعوود مەنسووری | نادیار | نەوسوود | ٢١ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤٢ | ئومید مورادی | مەریوان | نەوسوود | ٢١ی ڕەشەمە | بریندار | بەردتێگرتنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤٣ | محەممەد (پاشناو نەزانراوە) | نادیار | نەوسوود | ٢١ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٤٤ | ناسێح محەممەدی | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٢١ی ڕەشەمە | بریندار | ڕووداوی هاتوچۆ |
٤٥ | ئاکام وەیس مورادی | سەلاسی باوەجانی | نەوسوود | ٢١ی ڕەشەمە | بریندار | ڕووداوی هاتوچۆ |
٤٦ | مەنسوور عەزیزی | هەورامانی مەریوان | نەوسوود | ٢٢ی ڕەشەمە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٤٧ | خەبات فەرەجی | سنە | نەوسوود | ٢٢ی ڕەشەمە | بریندار | لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە |
٤٨ | تەیموور تەهماسبی | داڵاهۆ | نەوسوود | ٢٢ی ڕەشەمە | بریندار | ٣٢ ساڵان و باوکی ٢ منداڵ، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران. |
٤٩ | محەممەد گەنجە | پیرانشار | پیرانشار | ٢٢ی ڕەشەمە | کوژراو | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٥٠ | محەممەد تەوفیقی | بانه | بانه | ٢٣ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٥١ | حەسەن ڕاستگۆ | سەردەشت | نوسود | ٢٣ی ڕەشەمە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٥٢ | خەلیل شەوگەڕ | سەردەشت | نەوسوود | ٢٣ی ڕەشەمە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٥٣ | شێخە (پاشناو نەزانراوە) | سەردەشت | نەوسوود | ٢٣ی ڕەشەمە | بریندار | داکەوتن لە بەرزاییەوە |
٥٤ | سەیوان باتر | مەریوان | مەریوان | ٢٣ی ڕەشەمە | گیانلەدەستدان | ڕووداوی هاتوچۆ |
٥٥ | ئالان محەممەدی | مەریوان | مەریوان | ٢٣ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٥٦ | سەعدی حسەینی | بانه | بانه | ٢٣ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٥٧ | شادمان شوکری | پاوه | نەوسوود | ٢٣ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٥٨ | فارووق سەیدی | جوانڕۆ | نەوسوود | ٢٤ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٥٩ | شاهڕوخ وەلیانە | سنە | نەوسوود | ٢٤ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٦٠ | کۆسار ئەحمەدی | سنە | نەوسوود | ٢٤ی ڕەشەمە | بریندار | ٢٤ ساڵان و بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٦١ | کەیهان ئەحمەدی | سنە | نەوسوود | ٢٤ی ڕەشەمە | بریندار | ٤٢ ساڵان و بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
٦٢ | ئەحمەد نەبی زادەگان | سەردەشت | بانه | ٢٤ی ڕەشەمە | بریندار | لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراقەوە |
٦٣ | کاوان ڕوستەمی | کامێران | بانه | ٢٥ی ڕەشەمە | بریندار | لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە |
٦٤ | ڕەحیم محەممەدزادە | ڕەبەتی سەردەشت | بانه | ٢٦ی ڕەشەمە | کوژراو | دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا گیانی بەخت کرد و تەرمەکەیشیان لەسەر شاخێکەوە هەڵدایە خوارەوە. |
٦٥ | ئەفشار بابایی | سەوڵاوا | نەوسوود | ٢٦ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
٦٦ | نووری دەرەزیارەت | سەقز | بانه | ٢٦ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بە چەکی ساچمەزەن |
٦٧ | سیرووس مورادی | کامێران | تەوێڵەی هەرێمی کوردستان | ٢٦ی ڕەشەمە | بریندار | لێدان و ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێراقەوە |
٦٨ | سلێمان ئەمینی | بانه | بانه | ٢٩ی ڕەشەمە | بریندار | دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران |
- لەسێدارەدان
لانیکەم ٤ بەندکراو لە زیندانەکانی مەهاباد و ئیلام بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لە سێدارە دراون. سزای لەسێدارەدانی یەکێک لەم زیندانیانە دوای ٣٢ ساڵ بەندکران جێبەجێ کرا.
ژمارە | ناو | خەڵکی | تۆمەت | بەرواری لەسێدارەدان | شوێنی لەسێدارەدان | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|
١ | فەخرەدین مەنگوڕنژاد | شنۆ | کوشتنی بەئەنقەست | ١٧ی ڕەشەمە | زیندانی مەهاباد | |
٢ | عەباس دادوەر | مەهاباد | کوشتنی بەئەنقەست | ١٧ی ڕەشەمە | زیندانی مەهاباد | |
٣ | موعین سەلاوەرزی زادە | ئاودانانی ئیلام | کوشتنی بەئەنقەست | ٢١ی ڕەشەمە | زیندانی ناوەندیی ئیلام | ۵۸ ساڵان و دوای ۳۲ سال بەندکران بە تۆمەتی کوشتنی براکەی لە سێدارە درا. |
٤ | مەنسوور مەنسووری | سەراوڵەی ئیلام | کوشتنی بەئەنقەست | ٢١ی ڕەشەمە | زیندانی ناوەندیی ئیلام | ۳۴ ساڵان، بە هۆی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی ئیلامەوە بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوەکە زۆر خێراتر لە سێدارە درا. |
- کوشتنی سەروویاسایی
شوعەیب زارعی، پێشمەرگە و کادێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەدا (١٦ی مارس) بە دەستی کەسێکی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک بارەگای ئەم حیزبە لە گوندی «زڕگوێز»ی شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا.
بکەری ئەم تیرۆرە لە کاتێکدا کە دەیویست لە هەرێمی کوردستان هەڵبێت، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمەوە لە سنووری پێنجوێن دەستبەسەر کرا. شوعەیب زارعی، ٣٤ ساڵان و خەڵکی گوندی «تەختە»ی ناوچەی ژاوەرۆی سنە، نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوپێش چووبووە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە.
- سەپاندنی سزا
لانیکەم ٣ هونەرمەند و هاووڵاتیی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و کەیفەریی بۆکان، ئیلام و مەهابادەوە بە تۆمەتی سیاسی ڕووبەڕووی سزای بەندکران و سزای پارە بوونەتەوە.
ژمارە | ناو | دانیشتووی | تۆمەت | بەرواری دەرکردنی سزا | دادگای بڕیاردەر | سزا | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|---|---|
١ | ساسان چەمەنئارا | ئیلام | بانگەشەی دژ بە حکومەت و لە بەرژەوەندیی گروپە دژبەرەکاندا | ۱۹ اسفند | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام | ٣ مانگ بەندکران و ٢٠ میلیۆن تمەن سزای پارە | |
٢ | زانیار فەتاحیان | بۆکان | بانگەشەی دژ بە حکومەت و هاندانی جەماوەر بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی | ۲۲ اسفند | لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکان | ١٨ مانگ بەندکران | |
٣ | محەممەدتاهیر حسەینپوور | نەغەدە | ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستاندا | اواخر اسفند | لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد | ١٣ ساڵ بەندکران | لە زیندانی نەغەدەدا حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنرا. |
- دەستبەسەرکردن
لانیکەم ٢٢ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و خوراسانی ڕەزەویدا بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ٤ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون، ٤ کەس بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە و ٢ کەسیش دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراون. ئەوانی دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
سزای ٢١ مانگ دەستبەسەربوون لە ماڵەوەی مەهوەش تەوەسولی، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار، خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هاووڵاتییە سەرەتا سزای ٢١ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو بەڵام دادگاکە ئەو سزایەی گۆڕی بۆ ٢١ مانگ دەستبەسەربوون لە ماڵەوە لە ڕێی پێبەندی ئەلەکترۆنییەوە.
ژمارە | ناو | شوێنی دەستبەسەرکردن | بەرواری دەستبەسەرکردن | بواری چالاکی | شوێنی ڕاگرتن و دوایین دۆخ |
---|---|---|---|---|---|
١ | زانا مینبەری | سنە | ١ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | ڕۆژی ١٣ی ڕەشەمە بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. |
٢ | دانا لەنجئاوایی | مەریوان | ١ی ڕەشەمە | چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشوو | ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمە بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. |
٣ | مێهران ڕەحیمی | قووچان | ٢ی ڕەشەمە | هونەرمەند | ڕۆژی ٥ی ڕەشەمە بە بارمتە ئازاد کرا. |
٤ | عەبدولکەریم کاکۆڵ | شنۆ | ٣ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا. |
٥ | سوونیا شەریفی | ئاودانان | ٧ی ڕەشەمە | دەستبەسەرکراوی سەرهەڵدانی ١٤٠١ | دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای ئاودانان و وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لەسەر ڕاگرتنی چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییکاندا، ئازاد کرا. |
٦ | محەممەد عەباسزادە | ئیلام | ٧ی ڕەشەمە | هونەرمەند | دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئەماکنی ئیلام و وەرگرتنی بەڵێننامەی زۆرەملێ ئازاد کرا. ئەم هونەرمەندە کوردە لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا بەرانبەر پاڵپشتیکردنی ژمارەیەک هونەرمەند لە هەڵبژاردنەکان ناڕەزایی دەربڕیبوو. |
٧ | مەتین ڕازیان | سەقز | ٨ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | ١٧ ساڵان و کۆڵبەرە و ڕۆژی ١٩ی ڕەشەمە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. |
٨ | شەهاب دارابی | شاباد | ١١ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | |
٩ | خەبات وەیسی | مەریوان | ١٢ی ڕەشەمە | خوێندکار | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٥ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا. |
١٠ | سلێمان عەبدی | سەقز | ١٣ی ڕەشەمە | چالاکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٨ مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا. |
١١ | ڕامین گورگانی | کامێران | ١٥ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | |
١٢ | فەرزاد مەحموودپوور | شنۆ | ١٥ی ڕەشەمە | دەستبەسەرکراوی سەرهەڵدانی ١٤٠١ | بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٥مانگ بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا. |
١٣ | فەریاد قادری | سەوڵاوا | ٢٠ی ڕەشەمە | زیندانیی سیاسیی پێشوو | دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە دەستبەسەر کرا. |
١٤ | فواد شەعبانی | سنە | ٢٤ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | دوای بانگهێشتکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازاد کرا. |
١٥ | ساسان ڕەحمانپەنا | سەقز | ٢٦ی ڕەشەمە | دەستبەسەرکراوی سەرهەڵدانی ١٤٠١ | |
١٦ | حەمزە مەلاحەسەن | مەهاباد | ٢٧ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | |
١٧ | کەمال گوڵاوی ئازەر | مەهاباد | ٢٧ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | |
١٨ | ماردین گاگەشی | پیرانشار | ٢٧ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | منداڵی ١٥ ساڵان |
١٩ | شەهرام شاهی | شنۆ | ٢٧ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | |
٢٠ | فەخرەدین ئەحمەدی | شنۆ | ٢٧ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | |
٢١ | ڕەحیم سەلامەت | شنۆ | ٢٧ی ڕەشەمە | هاووڵاتی | |
٢٢ | ئەمیر ڕەحمانی | شنۆ | ٢٨ی ڕەشەمە | هاووڵاتی |
- تەقینەوەی مین
لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەدا (٥ی مارس) تەقینەوەی مینی چێندراوی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق لە شاری مێهرانی پارێزگای ئیلام بووە هۆی برینداربوونی ٢ هاووڵاتی. هەروەها لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەدا (٧ی مارس) دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد میرانی و ئەبووبەکر روستەمیان لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود مینێکیان پێدا تەقییەوە و هەردووکیان بریندار بوون.
ژمارە | ناو | شوێنی تەقینەوە | بەروار | بارودۆخ | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|---|
١ | ناسنامە نەزانراوە | مێهران | ١٥ی ڕەشەمە | بریندار | |
٢ | ناسنامە نەزانراوە | مێهران | ١٥ی ڕەشەمە | بریندار | |
٣ | محەممەد میرانی | پاوە | ١٧ی ڕەشەمە | لەدەستدانی ئەندامی جەستە | |
٤ | ئەبووبەکر ڕوستەمیان | مەریوان | ١٧ی ڕەشەمە | بریندار |
- ژنکوشتن
لانیکەم ٣ ژنی کورد لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشاندا بە دەستی پیاوانی بنەماڵە و بە چەکی گەرم کوژراون.
ژمارە | ناو | شوێنی ڕوودان | بەرواری ڕوودان | ڕوونکردنەوە |
---|---|---|---|---|
١ | زیبا سەیاد | ورمێ | ٢٠ی ڕەشەمە | ٢٧ ساڵان، دوای ماوەیەکی زۆر توندوتیژیی خێزانی لە هاوسەرەکەی جیا بوویەوە و ماوەیەک دواتر بە دەستی هاوسەری پێشووی و بە چەکی گەرم کوژرا. |
٢ | مەریەم ڕەزمجوو | کرماشان | ٢٤ی ڕەشەمە | بە هۆی کێشەی خێزانییەوە بە دەستی هاوسەرەکەی و بە چەکی گەرم کوژرا. لەم دەسڕێژەدا دایکی و برایەکیشی بە ناوی سادق ڕەزمجوو کوژران. |
٣ | پەریوەش بەیات | کرماشان | ٢٤ی ڕەشەمە | دایکی مەریەم ڕەزمجوو کە بە دەستی زاواکەی بە چەکی گەرم کوژرا. |
- کوشتنی هاووڵاتیان
لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەدا (٢٧ی فێبرییە) هێزە ئینتیزامییەکانی ئێران لە گوندی «ساڤان»ی شاری سەردەشت دەسڕێژیان لە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت کرد کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کاسبکارێکی کورد بە ناوی کاوان ئەمجەدینیا کوژرا. ئۆتۆمبێلەکە لە کاتێکدا دەسڕێژی لێ کراوە کە هەڵگری هیچ کاڵایەک نەبووە.
- مانگرتنی بەندکراوان
کامران قاسمی، زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ورمێ، دوای بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ قبووڵکردنی داواکارییەکانی، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەدا (١٣ی مارس) کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمەوە (٥ی مارس) بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە ئاست ڕێگریکردنی بەرپرسانی زیندان و ئیدارەی ئیتلاعاتدا لە پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار، مانی لە خواردن گرتبوو.
- گوشار بۆ سەر بەندکراوان
لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمەدا (٢٦ی فێبرییە) شاهین گەلەداری، زیندانیی سیاسیی کورد، بە هۆی ڕێگریکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە پێدانی مۆڵەتی پشووی پزیشکی و بێبەشکران لە مافی ئازادیی مەرجدار، لە بەندی سەرووئەمنیی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا دەستی دایە خۆکوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوشتن و گیانلەدەستدانی شاهین گەلەداری لە بەندی سیاسیی زیندانی ورمێدا، ڕۆژی ٩ی ڕەشەمە (٢٨ی فێبرییە) هێزەکانی گاردی زیندان بە فەرمانی پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانەکە هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ئەم زیندانە و وێڕای شێواندنی کەلوپەلی بەندکراوان، پەلاماری ژمارەیەک لە زیندانییەکانیان دا. هاوکات لەگەڵ هێرشکردنی هێزەکانی گاردی زینداندا، دوو زیندانیی کورد بە ناوەکانی حەسەن عومەرپوور و ئەشکان عوسماننژاد ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەر دا و لە لای قاچەوە سووتاون.
لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەدا (٣ی مارس) دوو بەندکراوی تاوانە ئاساییەکان بە ناوەکانی تەوحید غەزنەوی و سەجاد خوداجوو، دوای ئەشکەنجەدران لە لایەن ئەکبەر ماهیریی سەرۆکی بەندی ٢-١ی زیندانی ناوەندیی ورمێوە، ڕەوانەی بەندی ئەمن (پارێزاو)ی زیندانەکە کران. هاوکات دەیان پاسەوانی هێزەکانی گاردی زیندان هێرشیان کردە سەر بەندی ٢-١ و دوای پشکنینی بەندەکە کەلوپەلێکی زۆری بەندکراوانیان لە ناو برد. لە سەرەتای ڕەشەمەوە (کۆتایی فێبرییە) و دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نامەی سەرئاوەڵای زیاتر لە ٨٠٠ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ بۆ دوورخستنەوەی پەیمان خانزادەی سەرۆکی ئەم زیندانە، گوشار و ئەشکەنجەدانی زیندانیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
سامان یاسین، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە تاراندا کە لە ساڵ و نیوێک لەمەوپێشەوە دەستبەسەر کراوە، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمە (٥ی مارس) لە زیندانی قزلحەساری کەرەجەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمینئاباد لە شاری ڕەیی تاران کرا. ئەم هونەرمەندە کوردە پێشتر لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران، لە ئاست دۆخی نادیار و هەڵپەسێردراوی خۆی لە زینداندا ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو.
- مافی پیشەیی
محەممەد مورادیی ئەنساری، نووسەری خەڵکی ئیلام و خوێندکاری دوکتۆرای ئەدەبیات لە زانکۆی کوردستانی سنە کە گەڵاڕێزانی ئەمساڵ (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) دوای وەرگیرانی کۆتایی لە تاقیکردنەوەی مامۆستایەتیدا لە قوتابخانەیەکی شاری سنە دەستی بە وانەوتنەوە کردبوو، بە هۆی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان و بەشی هەڵبژاردنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی سنەوە، لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە کار دەرکراوە.