تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ئاوڕ لە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە و شارەکانی ئێران لە یەک مانگی ڕابردوودا دەداتەوە. 

بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤەوە لە ئێراندا و گوشاری سەر بنەماڵەی قوربانیانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئامادەکردنی ڕاپۆرتی بەڵگەدار و ورد ڕووبەڕووی گرفتی فراوان دەبێتەوە. 

هەر بۆیە ئامار و زانیارییەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە سەرجەم حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی ڕێکخراوە و ماڵپەڕە چالاکەکانی تر لەم بوارەدا ئامادە کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەر و دیسامبەری ٢٠٢٣)؛

• کۆڵبەران

ـ پێنج کۆڵبەری کورد کە یەکیان منداڵ بوو، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و مەریوانی پارێزگای کوردستان و نەوسوودی پارێزگای کرماشان کوژراون.

هەروەها لانیکەم ٤٣ کۆڵبەر لە ئەنجامی دەسڕێژ یاخود پەلامار و لێدانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان، بریندار بوون کە ٥ کەسیان منداڵن. کۆڵبەرێکیش بە تەقینەوەی مین لە ڕێگای کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوودی پارێزگای کرمەشاندا بریندار بووە.

• لەسێدارەدان

ـ لانیکەم ٢٢ بەندکراو کە بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «کوشتنی بەئەنقەست»، «دەستدرێژیکردن بە زۆر» یان تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج، ناوەندیی کەرەج، کرماشان، سنە و ورمێ لە سێدارە دراون.

ئەیوب کەریمی، زیندانیی مەزهەبیی سوننەی کوردیش دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزدا (٢٩ی نۆڤامبەر) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا. ئەم هاووڵاتییە دوای قۆناغی دەستبەسەربوون کە لەگەڵ ئەشکەنجەدا بوو، لە پرۆسەیەکی دادوەریی نادادپەروەرانەدا، لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی سوننەی دیکە و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

* ڕوونکردنەوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە هۆی گرنگایەتیی پرەنسیبی «مافی ژیان»ـەوە، لە بڵاوکردنەوە و تۆمارکردنی هەواڵ و ئاماری لەسێدارەدانەکاندا، بەدەر لە گرێدراویی نەتەوەیی لەسێدارەدراوان و شوێنی لەسێدارەدانیان، هەموو ئەو حاڵەتانەی کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە پێی ڕادەگەیەنرێت، دوای لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە بڵاو دەکاتەوە.

• ژنکوشتن

ـ لانیکەم ٢ ژنی کورد لە گوندی کوڕانەی ناوچەی سەروی ورمێ و شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشان بە دەستی باوکی هاوسەر و هاوسەریان کوژراون.

کرێکاران

لانیکەم ٤ کرێکار لە شارەکانی کرماشان، بانە، مەریوان و دێولان بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.

• دەستبەسەرکردن

ـ لانیکەم ٢٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، ئیلام و مازەندەران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئەگەرچی هەندێ لەم دەستبەسەرکراوانە بە دانانی کەفالەت یان بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. دوازدە کەسیشیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.

• سەپاندنی سزا

ـ بۆ لانیکەم ٣١ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و کەیفەری و دادگای تایبەتی مەلاکانی شارەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و تارانەوە بە تۆمەتی سیاسی سزای بەندکران، قامچی، سزای پارە و … دەرچووە.

گوشار بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان

لە درێژەی گوشاری سەر بنەماڵەی داخوازاندا، زوهرە پایروەند و مێهدی قاسمیفەرد، دایک و برای ئێحسان قاسمیفەرد بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیاد بانگهێشتی بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی کەنگاوەر کراون و موعید ساعیدی، برای سارینا ساعیدییش بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بانگهێشتی بەردەم دادگای سنە کراون.

موژگان ئیفتیخاری، ئەمجەد ئەمینی و ئەشکان ئەمینی لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزدا (٩ی دیسامبەر) دەیانویست بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساخارۆفدا بە ژینا ئەمینی لە فڕۆکەخانەی خومەینیی تارانەوە بۆ شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا سەفەر بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگرییان لێ کردن و پێیان ڕاگەیاندن کە قەدەغەی گەشت و چوونەدەرەوەیان لە سەرە و دوای ئەوەی لێپرسینەوەیان لێ کردن، دەستیان بە سەر پاسپۆرتەکانیاندا گرت.

لەسێدارەدانەکان

[table “642” not found /]

ژنکوشتن

[table “643” not found /]

کۆڵبەران

[table “644” not found /]

دەستبەسەرکردنەکان

[table “645” not found /]

سزاکان

[table “646” not found /]