بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،

لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (ژوەن و جولای ٢٠٢٣)

ـ لانیکەم ٥٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لە نێو دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگەدا ٢ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون، بەڵام ئەوانی دیکە، لەوانە دوو منداڵ، هێشتا هەر دەستبەسەرن یاخود هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

ـ لەم مانگەدا دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی مووسا ئیسماعیلی و پەیمان گەڵوانی لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکاندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گیانیان لە دەست داوە.

ـ لەم مانگەدا لانیکەم سێ ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی عادل موهاجیر، لوقمان ئاجی و سیامەند شابۆیی بە دەستی ڕاسپێردراوانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون. هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ناوی قازی موستەفا عەلی لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچە سنوورییەکاندا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و گیانی لە دەست دا.

ـ لانیکەم ١٥ هاووڵاتی، چالاکی کرێکاری و ئەندامی بنەماڵەی دادخوازان لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی و گشتیی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و ئیلامەوە سزای بەندکران و قامچییان بەسەردا سەپاوە. 

ـ لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانەی پارێزگای کوردستان، کۆڵبەرێکی کورد بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە، هەروەها لانیکەم ٨ کۆڵبەریش بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود و بانەی پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان بریندار بوون.

ـ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ۱۳ بەندکراوی کوردی تۆمار کردووە کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» یان تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو و لە زیندانەکانی قزلحەساری کەرەج، کرماشان، ورمێ، نەغەدە و هەمەدان لە سێدارە دراون.

ـ لانیکەم ٣ ژنی کورد لە شارەکانی قەتوور و پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە دەستی ئەندامانی بنەماڵە و بە هۆکاری «نامووسی» یان «کێشەی خێزانی» کوژراون.

ـ لانیکەم ٦ کرێکار بە ڕووداوی کار لە شارەکانی ورمێ، سەقز، مەهاباد و مەریوان گیانیان لەدەست داوە.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: