لە بەرواری ٣ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٢دا حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور لە زیندانی ورمێ و ڕەزا مامەدی لە زیندانی سەڵماس، بەبێ ئەوەی پێشوەخت پارێزەران و بنەماڵەکانیان ئاگادار بکرێنەوە، لە ناکاو گواسترانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و دەمەوبەیانی ڕۆژی دواتر هەردووکیان لە سێدارە دران. بەرپرسە ئەمنییەکان نەتەنیا تەرمی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کوردەیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردەوە، بەڵکوو تەنانەت ئامادە نەبوون شوێنی بەخاکسپاردنیشیان دەستنیشان بکەن. ئەگەرچی بنەماڵەی ڕەزا مامەدی هەمان ڕۆژ دوای گەڕانێکی زۆر توانییان شوێنی بەخاکسپاردنەکەی لە گۆڕستانی سەڵماسدا بدۆزنەوە و بە نهێنی گۆڕەکەیان هەڵکەند و گواستیانەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونەکەی لە گوندی «دێرک»دا و لەوێ ئەسپەردە کرا. بەڵام هەوڵەکانی بنەماڵەی حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئەسپەردەکردنی منداڵەکەیان هیچ ئاکامێکی بەدواوە نەبووە.
زیندانییەکی سیاسیی پێشوو کە لە کاتی بەندبوونی حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور لە زیندانی ناوەندیی ورمێ هاوبەندی ئەم زیندانییە سیاسییە بووە، سەبارەت بە گواستنەوەی ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسی و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانەکەی، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی هەینی ٣ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٢ بەرپرسانی زیندان حەیبەڵڵا گوڵپەریپووریان بانگ کرد و گواستیانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، ئەودەم حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور لەگەڵ ئێمە لە بەندی زیندانییانی سیاسی، واتە بەندی ١٢ بوو. دوای ئەوەی ئەم گواستنەوە لەناکاوە زیندانییە سیاسییەکانی‌تری نیگەران کرد، بەرپرسانی زیندان ڕایانگەیاند کە ئەم زیندانییە سیاسییە دەگوێزرێتەوە بۆ زیندانێکی‌تر، هەر بۆیە کەلوپەلە شەخسییەکەشیان کۆ کردەوە و بردیان».


ئەم زیندانییە سیاسییە پێشووە لە درێژەدا وتی: «کاتژمێر ١٨ هاوکات لەگەڵ داخستنی دەرگای بەندەکە و بڕینی تەلەفۆنەکانی زینداندا، ئەگەری لەسێدارەدانی حەیبەڵڵا بووە مایەی نیگەرانیمان و ناڕەزاییمان دەربڕی و داوامان لە بەرپرسانی زیندان کرد یووسف کاکەمەمی بە نوێنەرایەتیی ئێمەی زیندانییانی سیاسی حەیبەڵڵا ببینێت، بەڵام ئەوان داواکەمانیان قبووڵ نەکرد».
بە وتەی ئەم هاوبەندە پێشووەی حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور، کاتژمێر ٩ی شەو یەک لە پاسەوانەکانی بەشی پاراستنی زیندان هاتە نێو بەندی ١٢ و بەبێ هیچ هۆکارێک عەلی ئەحمەد سڵێمانیشیان گواستەوە بۆ بەشی قەرەنتینە، ئەم زیندانییە سیاسییەش حوکمی لەسێدارەدانی لەسەر بوو. عەلی ئەحمەد سڵێمان دوای گوازرانەوە بۆ قەرەنتینە توانیبووی بۆ ماوەیەکی کورت لە ژوورە تاکەکەسییەکەی تەنیشتیەوە لەگەڵ حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور قسە بکات: «حەیبەڵڵا لەم وتووێژە کورتەدا پێی وتبوو بڕیارە تا چەند کاتژمێرێکی‌تر لە سێدارە بدرێت و داوای لێ کردبوو بە زیندانییە سیاسییەکانی‌تر بڵێت نیگەرانی نەبن، چونکوو بە خۆشحاڵییەوە و بەبێ هیچ ترسێک پێشوازی لە مەرگ ئەکات».
ڤیدیۆیەکی تایبەتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا
ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی: «دوای نیو کاتژمێر عەلی ئەحمەد سڵێمان گەڕێنرایەوە ناو بەندەکە و کاتژمێر ٢٢:٣٠ هەمان شەو دوو زیندانیی ئاسایی دیکە بە ناوەکانی یەدوڵڵا و قودرەتوڵڵا کە لەبەر شەڕکردنی ناو بەند و بۆ تەمێکردن برابوونەوە ژووری تاکەکەسی، وتیان کە حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور لە حاڵێکدا کە سروودی «ئەی ڕەقیب»ی دەوتەوە لەگەڵ پاسەوانەکانی زینداندا لە ژووری تاکەکەسی چۆتە دەرێ و بەرەو شوێنی لەسێدارەدان ڕۆیشتووە».
حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور، لەدایکبووی ١٣٦٣ی شاری سنە، ٥ی ڕەزبەری ١٣٨٨ کاتێک لە مەهاباد دەچووە دەرەوە لە لایەن هێزەکانی بەشی پاراستنی زانیاریی سپای پاسداران دەستبەسەر کرا و بۆ چەند مانگ لە دەستبەسەرگە ئەمنییەتییەکانی ئیتڵاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتڵاعات لە شارەکانی مەهاباد، ورمێ و سنە لە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی قورسدا بوو.
٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٨٨ یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر «خودادادی» لە چەند خولەکێکی کورتدا بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «موحارەبە» لەڕێی ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک)، حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. دوای تانەلێدان دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لقی ٣١ی ئەم دیوانەش حوکمەکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە ڕەشەمەی ١٣٩٠دا لە دووتوێی نامەیەکی سەرئاوەڵادا، باسی ئەشکەنجە ڕۆحی و جەستەییەکانی سەردەمی دەستبەسەربوونی کردبوو و نووسیبووی: «سەرەڕای دەستبەسەربوونی درێژخایەن و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیی فراوان کە تا مردن ڕۆیشتم، هەموو وردەکارییەکانم لە دووتوێی شکاتێکدا هەناردە بەردەم ناوەندە دەوڵەتییە جیاوازەکان، بەڵام لەم وڵاتەدا دەنگی ئێمە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندان بەولاوەتر ناچێت، چ بگا بەوەی بیسەرێک گوێی بۆ بگرێت».
حەیبەڵڵا گوڵپەریپوور لە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٠دا بە هۆکاری نادیار بۆ ماوەی ١٤ مانگ گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ سمنان و لە ٢٣ی گوڵانی ١٣٩٢دا سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.
“ڕەزا مامەدی”یش، زیندانییەکی سیاسیی کوردی دیکە کە هاوکات لەگەڵ حەیبەڵڵا گوڵپەریپووردا لە زیندانی سەڵماس لە سێدارە درا، ٣٤ ساڵان، خێزاندار و دانیشتووی گوندی «دێرک»ی سەر بە شاری سەڵماس بوو. ناوبراو لە خەرمانانی ١٣٨٨دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی مانگێک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سەڵماس لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحیدا بوو و دوای ٦ مانگ دەستبەسەربوون لە لایەن دادگای ئینقلاب ئیسلامیی خوویەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لەڕێی ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. حەم حەکمه‌ لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و دەمەوبەیانی ڕۆژی ٤ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٢ بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێگای هاوبەندییەکانیەوە لە زیندانی سەڵماس، ئاگادار کرانەوە کە حوکمەکەی جێبەجێ کراوە.
یەک لە خزمانی ڕەزا مامەدی سەبارەت بە دۆزینەوەی شوێنی ئەسپەردەکردنەکەی و گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ گوندەکەی خۆیان، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دوای لەسێدارەدانی نهێنیی ڕەزا مامەدی، بنەماڵەکەی بەدواداچونێکی زۆریان کرد و شوێنی ئەسپەردەکردنەکەیان لە گۆڕستانی سەڵماسدا دۆزییەوە. بنەماڵەکەی و خزمانی دیکەیان هەمان شەو بە نهێنی گۆڕەکەیان هەڵدایەوە و تەرمەکەیان دەرهێنا و بۆ ئەسپەردەکردن گواستیانەوە بۆ گوندی دێرک کە شوێنی لەدایکبوونی بوو».