بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،

لە مانگی گوڵانی ١٤٠٢دا (ئاوریل و مەیی ٢٠٢٣):

ـ لانیکەم ٣٦ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. یەک لەم کەسانە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی کرماشان کراوە، بەڵام لەسەر چارەنووسی ٢٣ کەسی تر کە هێشتا هەر دەستبەسەرن هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ـ لەم مانگەدا تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەواڵی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ٢٠ بەندکراوی لە زیندانەکانی خوڕەمئاوا، ڕەشت، ورمێ، قزڵ حەسار، سەڵماس، سنە و کرماشان بڵاو کردووەتەوە کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو. ئەمانە تەنها ئەو کەسانەن کە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان توانیویەتی لە سەرچاوەی جیاوازەوە ئاگاداری لەسەر ئێعدامکردنیان بەدەست بهێنێت و پێدەچێ ژمارەی لەسێدارەدراوان لەمەش زیاتر بێت. 

ـ لەم مانگەدا لانیکەم ٢٧ هاووڵاتی، مامۆستای ئایینی و چالاکی مەدەنی و سیاسیی کورد لە لایەن دادگای کەیفەری، دادگای تایبەتی مەلاکان و دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شارەکانی ئیلام، پیرانشار، بۆکان، هەمەدان، مەهاباد و بانەوە سزای بەندکران، قامچی و غەرامەیان بەسەردا سەپاوە. لە نێو ئەم کەسانەدا ٤ مامۆستای سوننەی کورد لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ڕای گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای بەندکران، قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپاوە.

ـ هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی هەرسینی پارێزگای کرماشان بە ناوی سامان دەروێشی لە ڕێکەوتی ١٨ی گوڵاندا (٨ی مەی) لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی زیندانی تارانی گەورەدا (فەشافوویە) گیانی لەدەست داوە.

ـ زیندانییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی ناسر حەسەنپوور کە نەخۆشیی دڵی لەگەڵ بوو، لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ گیانی لەدەست داوە.

ـ لە ناوچە سنوورییەکانی شارەکانی پیرانشار، بانە، نەوسوود و سەلاسی باوەجانی لانیکەم ٦ کۆڵبەر بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و داکەوتن لە بەرزاییەوە بریندار بوون.

ـ لانیکەم ٣ هاووڵاتی، لەوانە دوو منداڵ، بە هۆی تەقینەوەی مین یان تەقەمەنیی جەنگییەوە لە شارەکانی سنە و سەلاسی باوەجانی بە قورسی بریندار بوون و ئەندامی جەستەیان پەڕیوە.

بۆ بینینی وردەکاری و خشتەی پێشێلکارییەکان بە زمانی فارسی ئەم بەستەرە ببینە: