لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهار ئەحمەدی، هاووڵاتیی کورد، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە. ئەم هاووڵاتییە لە حاڵێکدا دەستبەسەر کراوە کە ٣ حەفتە لەمەوپێش هاوسەرەکەیشی، ئەسعەد ڕەحیمی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی شەممە ٢١ی گەلاوێژ (١٢ی ئاگۆست) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەهار ئەحمەدی و وێرای دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر، بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە نەخۆشیی ڕۆماتیزمی لەگەڵە، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی دەواودەرمانەکانی پێ بدرێت، ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە.

هەروەها سەرەڕای تێپەڕینی ٣ حەفتە بە سەر دەستبەسەرکردنی ئەسعەد ڕەحیمیی هاوسەری بەهار ئەحمەدیدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

ئەسعەد ڕەحیمی، چالاکی مەدەنیی کورد، شەوی ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) دوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان لە گەرەکی ویلاشاری سنە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتیانە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە، هەروەها لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.