لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکان و هاووڵاتیانی کورد لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی حسەین مەحموودپوور، حەمزه قانعی، عومەر حسەینزاده، هێدی عەبدولبەخت و نەجمەدین عیسازاده لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی پیرانشار و شنۆ دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی گەلاوێژ (١٧ی ئاگۆست) ٢ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی هێدی عەبدولبەخت، خەڵکی گوندی «بێمزەڕەتە» و نەجمەدین عیسازادە، خەڵکی گوندی «شێخ عوسمان»ی شنۆ، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژ (١٦ی ئاگۆست) ٢ هاووڵاتی بە ناوەکانی حەمزه قانعی و عومەر حسەینزاده، خەڵکی گوندی «حاجی غەلدە»ی پیرانشار، بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژ (١٥ی ئاگۆست) هاووڵاتییەک بە ناوی حسەین مەحموودپوور، خەڵکی گوندی «گەڕگۆڵی خواروو»ی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە یەک حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٣ چالاکوان و هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی تاران، پیرانشار، شنۆ، مەهاباد و سنە دەستبەسەر کراون.