لە درێژەی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان، ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ (٢٢ی ئاگۆست) شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون مەحموودی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی شەرمین حەبیبی هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکەی فەرەیدوون مەحموودی لە سەقز، بەڵام لەبەر ئەوەی شەرمین حەبیبی لەو ماڵەدا نەبووە نەیانتوانیبوو دەستبەسەری بکەن. هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو کە حوکمی دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت و شێواندنی ڕای گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا» دەرکراوە و دەبێ ڕۆژی سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ (٢٢ی ئاگۆست) خۆی ڕادەستی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ی گەلاوێژ (٢٢ی ئاگۆست) ئەم هاووڵاتییە لە سەقزدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

فەرەیدوون مەحموودی، ٣٣ ساڵان و خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزەکانی پۆلیسی دژەشۆڕش گیانی بەخت کرد.