شه‌وی چوارشه‌ممه ٣٠ی خه‌رمانان(٢١ی سێپتا‌مبر)، له درێژه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ناڕه‌زاییه‌تییه‌كان به كوشتنی مه‌هسا ئه‌مینی، لانیكه‌م سێ هاووڵاتی ناڕازی به ناوه‌كانی موحسین قه‌سیری، سه‌عید موحه‌ممه‌دی و ئه‌میر فولادی له شاره‌كانی ئیلام و ئه‌سلام ئاوای ڕۆژئاوا به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ئه‌منییه‌ت و به‌سیج كوژراون.
یه‌كێك له نزیكه‌كانی موحسین قه‌سیری دوای پشت ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: ڕۆژی چوارشه‌ممه ٣٠ی خه‌رمانان ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌ران له شه‌قامی تاڵه‌قانی شاری ئیلام‌دا كه‌وتنه به‌ر ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ئه‌منییه‌تی وبه‌سیج كه له ئه‌نجامدا موحسین قه‌سیری دوو گولله‌ی به‌ركه‌وت و گیانی له ده‌ستدا و كهسێكتریش به توندی بریندار بوووه.
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه، ته‌رمی موحسین قه‌سیری ڕۆژی ڕابردوو له ئارامگه‌ی شاری ئیلام به ئاماده‌بوونی بنه‌ماڵه و هاووڵاتییان به دروشمی “مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر” به خاك سپێردرا.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه جۆراوجۆره‌كان باس له كوژرانی لانیكه‌م دوو خۆپیشانده‌ر له شاره‌كانی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا له پارێزگای كرماشان ئه‌كه‌ن. به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوانه، ڕۆژی چوارشه‌ممه ٣٠ی خه‌رمانان( ٢١ی سێپتا‌مبر)، ژماره‌یه‌ك له خۆپیشانده‌ران له به‌رده‌م فه‌رمانداری ئه‌م شاره‌دا كه‌وتنه به‌ر ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ئه‌منیه‌تی و به‌سیج كه له ئه‌نجامدا لانیكه‌م دوو خۆپیشانده‌ر به ناوه‌كانی ئه‌میر فوولادی ١٥ساڵ و سه‌عید و موحه‌ممه‌دی ته‌مه‌ن ٢٥ ساڵ ده‌ستبه‌جێ كوژران و ژمارهیهكهیتریش بریندار بوون.
به پێی سه‌رچاوه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و سێ خۆپیشانده‌ره كوژراوه له ژێر گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندان كه بێده‌نگ بن سه‌باره‌ت به ڕاگه‌یاندنی كوژرانی منداڵه‌كانیان، هه‌روه‌ها داوای پاره‌ی نه‌ختیشیان لێكراوه بۆ ڕاده‌ستكردنی ته‌رمه‌كانیان و به بنه‌ماڵه‌كانیان ڕاگه‌یاندووه له پێویسته لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه كوردییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به به‌رپرسی كوشتنی منداڵه‌كانیان بزانن.
بەپێی به‌دواداچوونه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە درێژه‌ی ڕه‌وتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانه‌كان و ناڕەزاییەکانی دژ بە کوشتنی مهسا ئەمینی (ژینا)، تا ئێستا لانیكه‌م ١٥ خۆپیشاندەر بە ناوەکانی موحسین محەممەدی، ڕه‌زا لوتفی،فواد قه‌دیمی، فه‌رجاد ده‌روێشی، فەرەیدوون مەحموودی، زەکەریا خەیاڵ، مینوو مەجیدی، سه‌دره‌دین لیتانی، دانش ڕه‌هنما، میلان حه‌قیقی، ئه‌مین مه‌عریفه‌ت، عه‌بدوڵا مه‌حموودپوور، سه‌عید موحه‌ممه‌دی، موحسین قه‌سیری و ئه‌میر فولادی له شاره‌كانی ورمێ. شنۆ، پیرانشار، دیوانده‌ره، دێولان، سه‌قز، كرماشان، ئیسلام‌ئاوای ڕۆژئاوا و ئیلام به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ئه‌منییه‌ت و به‌سیج كوژراون. چوار منداڵی ته‌مه‌ن ١٥ و ١٤ ساڵ به ناوهلانی عه‌بدوڵا مه‌حموود پوور، ئه‌مین مه‌عریفه‌ت، زه‌كه‌ریا خه‌یاڵ و ئه‌میر فووڵادی له ناو كوژراوه‌كاندایه. .