لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، ١٤ چالاکی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بە ناوەکانی نەسرین کەریمی، فاتمه زەندکەریمی، محەممەدڕەزا مورادی، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی، ڕزگار حەیدەری، غیاس نێعمەتی، مەجید کەریمی، سەلاح حاجی میرزایی، کووروش عیزەتیی ئەمینی، فەیسەڵ نووری، ڕەزا تەهماسبی، شەهریار نادری و بێهزاد قەوامی، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەوە دۆسیەی یاساییان بۆ کراوەتەوە و بە مەبەستی دەسپێکردنی پرۆسەی لێپرسینەوە بانگهێشتی بەردەم دادگا کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە بانگهێشتنامەیەکدا کە لە لایەن لقێکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەوە بۆ ئەم ١٤ ئەندامەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – سنە نێردراوە، بە هەرهەموویان ڕاگەیەنراوە کە دەبێ ئەوپەڕی تا ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی لێپرسینەوە سەردانی ئەو بەشەی دادسەرا بکەن.

لە بانگهێشتنامەکاندا تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» ڕووبەڕووی ئەم چالاکە پیشەییانە کراوەتەوە.

شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران دوابەدوای بانگێشتکردنی ئەم چالاکانە ڕایگەیاندووە کە «ئەم هەڵسوکەوتە سەرکوتکار و هەوڵە بەردەوامانە بۆ کپکردنی دەنگی مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی بە توندی شەرمەزار دەکات و پێداگرە لەسەر مافی ئازادیی ڕادەربڕین، دەنگهەڵبڕین و چالاکیی پیشەیی مامۆستایان. ئەم شۆرایە داوای کۆتاییهێنان بە سەرکوت و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و هەروەها گەڕاندنەوەی مافە پیشەییەکانی مامۆستایان دەکات».

لە سەروبەندی دووەم ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی چالاکان، هاووڵاتیان و بنەماڵەی دادخوازانی کوردستان دەستی پێ کردووە و لانیکەم ١٨ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، مەریوان، سەوڵاوا و بۆکان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەم دوو دەزگا ئەمنییە.