چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی شنۆ و سایینقەڵا بە ناوەکانی لوقمان حاجیخۆش، سالار بەیگی، عەلی شیری و ناسر مورادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٢ی گوڵان (١٢ی مەی) لوقمان حاجیخۆش، هاووڵاتیی خەڵکی «کۆنەقەڵا»ی شنۆ دوای بانگهێشتکردنی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.
هەروەها سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «قوزلووی هەوشار»ی سەر بە شاری سایینقەڵا بە ناوەکانی سالار بەیگی، عەلی شیری و ناسر مورادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون.
تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دەیان هاووڵاتی، چالاک و هونەرمەندی کوردیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تۆمەتی بەڕێوەبردن یان بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بانگهێشت یان دەستبەسەر کردووە.