بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “موسلم سولەیمانی“، “ئەرشەد ئەتابەک” و “زانیار ئەحمەدپور“، سێ خوێندکاری دەستبەسەرکراوی زانکۆی کوردستان کە پاش خۆپیشاندانی خوێندکارانی ئەو زانکۆی دژ بە خستنەخوارەوە فڕۆکەی ئوکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، دەستبەسەرکرابوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

ڕۆژی ڕابردوو موسلم سولەیمانی و ئەرشەد ئەتابەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون، زانیار ئەحمەدپوریش بەو هۆیەی ڕۆژی ڕابردوو بارمتەکەی دابین نەکرابوو، ئەمڕۆ ئازاد کرا.

“زانیار ئەحمەدپور”، “ئەرشەد ئەتابەک”، بەرپرسیاری ناوەندی کولتوریی “ئەهورا”ی زانکۆ و “موسلم سولەیمانی”، بەرپرسیاری ئەنجومەنی ئیسلامیی زانکۆی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباردا / ٠١.١٥ پاش بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی خوێندکارەکانی ئەو زانکۆیە دژ بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئوکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، دەستبەسەرکرابوون.

ئەو خوێندکارانە لە کاتی دەستبەسەرکراندا توندوتیژییان لە بەرامبەردا ئەنجامدرابوو و لە ماوەیەدا هیچ پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکانیانەوە نەبوو، ئەمەیش نیگەرانی بنەماڵەکانیان سەبارەت بە چارەنووسی منداڵەکانیان بەدوای خۆیدا هێنابوو.

خوێندکارانی زانکۆی کوردستان ڕۆژەکانی ٢٣ و ٢٤ی بەفرانبار / ١٣ و ١٤ی مانگی ١، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە خستنەوە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجام دابوو.

 بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانبار / ٠١.٠٨، فڕۆکەی بوئینگی ٧٣٧ی کۆمپانیای ئۆکراین شەش خولەک پاش فڕینی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خومەینیی تارانەوە لەلایەن سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا ١٦٩ سەرنشین و ٩ کارمەندی فڕۆکەکە گیانیان لە دەست دا