لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان، ڕۆژی ڕابردوو ٥ ئەندامی بنەماڵەی ئازاد حسەینپووری، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، بە ناوەکانی شیما حسەینپووری، شیرین حسەینپووری، فەریبا حسەینپووری، شەهرووز حسەینپووری و ڕەحمان ئیسماعیلی، بانگهێستی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کراون و بۆ ماوەی جەندین کاتژمێر خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لەسەر چالاکییەکانی ئەم پێنج ئەندامەی بنەماڵەی ئازاد حسەینپووری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لێپرسینەوەیان لێ کردوون و ڕایانگەیاندووە کە دەبێ ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕ (١٥ی جولای) بۆ درێژەی لێپرسینەوەکان سەردانی ئەم دەزگا ئەمنییە بکەن.

بانگهێشتکردنی ئەم هاووڵاتیانە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی و تەنها لە ڕێی تەلەفۆنەوە بووە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە سەرەتای مانگی پووشپەڕدا (کۆتایی ژوەن) دروستکەری بەردەقەبرەکەی ئەم گیانبەختکردووەیان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردبوو ئەگەر وشەی «شەهید» لەسەر بەردەکە نەسڕێتەوە شوێنی کارەکەی دادەخرێت. هەر بۆیە لەژێر ئەم گوشار و هەڕەشانەدا وشەی «شەهید» لەسەر بەردی سەر گۆڕەکەی ئەم گیانبەختکردووە سڕایەوە.

ئازاد حسەینپووری، ٣١ ساڵان، خوێندکاری پزیشکی و ددانسازی خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٧ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.