پێدرام موعینی، چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد کە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نووسینگەی کارەکەی لە شاری بانەی پارێزگای کوردستان دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی ڕابردوو لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، پێدرام موعینی بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە و هێزە ئەمنییەکان وێڕای پشکنینی شوێنی کارەکەی دەستیان بەسەر هەندێ لە کەرەستەکانی و لەوانە مۆبایلەکەیدا گرتووە.

پێدرام موعینی کە لە تاران خوێندکاری دوکتۆرای کۆمەڵناسییە، پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٢٤ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوای کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوو و دوای مانگێک مانەوە لە بەندەکانی ٢٠٩ و ٢٤٠ی زیندانی ئێڤیندا بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.