فریشتە مەنسووری، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سەراوڵەی پارێزگای ئیلام، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی شاری چەرداوڵی ئیلامەوە بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی شێواندنی ڕای گشتی» سزای شەش مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی بە سەردا سەپا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە کۆبوونەوەی دادگایی ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژ (٥ی ئاگۆست) بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی شێواندنی ڕای گشتی» لە ڕێگای هاوبەشکردنی بابەتی درۆ و پێچەوانەی ڕاستی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی شاری چەرداوڵی ئیلام بەڕێوە چووە و چەند ڕۆژ دواتر ئەو حوکمەی بە شێوەی نووسراو پێ ڕاگەیەنراوە.

دادگاکە سزای ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانەکەی بۆ ماوەی ٣ ساڵ خستووەتە حاڵەتی هەڵپەساردنی چاودێریکراوەوە و بەپێی حوکمەکە، ئەم چالاکە مەدەنییە مەحکووم کراوە بە قەدەغەکردنی هەرچەشنە چالاکییەک لە دونیای ئینتەرنێتدا و هەرچەشنە لێدوانێک لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای داخستن یان لەسەر هێڵ لابردنی سەرجەم ئەو سیمکارتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتدا کاریان پێ دەکات، هەروەها داخستنی لاپەڕەکانی و ناچارکردنی بە سەردانکردنی ناوەندە پزیشکی و دەروونناسییەکان و ڕادەستکردنی نامەی تەندروستی لە کۆتایی خولەکەدا بە بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای شاری چەرداوڵ.

ئەم چالاکە مەدەنییە کە دەرچووی لقی فەلسەفەی زانکۆی پەروەردەکردنی مامۆستای تەورێزە، ڕۆژی ١ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری سەراوڵەی ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٣ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. پاش چەند حەفتەیەکیش لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەراوڵەوە بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکردن دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی/دەرەکی» بە گشتی سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان چووە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئیلام و گۆڕدرا بۆ ٦ مانگ بەندکران.

فریشتە مەنسووری ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (٢١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ئیلام کرا و دوای ١٠ ڕۆژ کەوتە بەر لێخۆشبوونە گشتییەکە و ئازاد کرا.