دوکتور بێهرووز چەمەنئارا، ئەندامی لیژنەی زانستیی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک بۆ سەرۆکی زانکۆی کوردستان، ڕایگەیاندووە کە سەڵاحییەتی بۆ بەردەوامبوونی ئەندامێتییەکەی لە لیژنەی زانستیدا لە لایەن ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستانەوە ڕەت کراوەتەوە.

ئەم مامۆستای زانکۆیە لە نامەکەیدا وێرای ئاماژەدان بە نووسینی ناوی لە هەندێ ڕاگەیاندنی «ئاڕاستەکراو و سەر بە دامودەزگاکانی دەسەڵات» و لە کۆمەڵە لیستێکی هاوشێوە و لەژێر ناوی «مامۆستا دەرکراوەکان»دا، لە ئاست بێدەنگبوون و وەڵامنەدانەوەی سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە پرسی دۆخی پیشەیی و دەرنەکردنی حوکمی دامەزراندنیدا، ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە. هەروەها داوای کردووە پرسی قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی داواکەی بۆ تازەکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکەی یەکلا بکرێتەوە.

دوکتور بێهرووز چەمەنئارا، سەرۆکی پێشووی توێژینگەی کوردستانناسی و ئەندامی لیژنەی زانستیی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستان، ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ (٥ی دێسامبەری ٢٠٢٢) لە ڕێگای گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە، لە شاری سنە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێنرا و دوای ١٠ ڕۆژ بزربوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

کۆی نامەکەی دوکتور بێهرووز چەمەنئارا بۆ سەرۆکی زانکۆی کوردستان:

بەڕێز دوکتور قادرزاده

سەرۆکی زانکۆی کوردستان

لەگەڵ سڵاودا

وەک ئاگادارن دوو دۆسیەی گۆڕینی دۆخی دامەزراندنم و دۆسیەی تازەکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکەم، بە هەردوو شێوەی نووسراو و سیستەمی لە کۆتایی ساڵی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) پێشکەشی لیژنەی دامەزراندنی زانکۆ کراوە و پرۆسەی لێکۆڵینەوە یان داوەریکردنی زانستی، فێرکاری، توێژینەوەیی و فەرهەنگییەکانیش پێشتر کۆتایی پێ هاتووە؛ بەڵام بە داخەوە سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە ٧ مانگ لە ساڵی ١٤٠٢ و بە کۆمەڵە هۆکارێکی نازانستی و نازانکۆیی کە بە زۆری دەرئەنجامی تێڕوانینی ئەمنی یان سیاسیی هەندێ دامودەزگای دەرەوەی زانکۆیە، ڕێگری کراوە لە دەرکردنی حوکمی دامەزراندنم.

ئێستە و لە حاڵێکدا کە هەڵبژاردنی دەرسەکانی تێرمی نوێ دەست پێ دەکات، نەتەنها هیچ ئاماژەیەکی مانادار لە چارەسەرکردنی کێشەکە لە لایەن بەڕێزتان و بەرپرسانی پێوەندیدارەوە نابینرێت، بەڵکوو لە هەنگاوێکدا کە وا دیارە پلان بۆدانراو و هەماهەنگکراوە، لە لایەکەوە بە هەماهەنگیی ئیدارەی پاراستنی زانکۆوە نامەیەکی نووسراو لە لایەن «ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان»ـەوە لەمەڕ ڕەتکردنەوەی سەڵاحییەتی گشتیی من بۆ بەردەوامبوون لە ئەندامێتیی لیژنەی زانستیی زانکۆدا دەرکراوە و بە تەلەفۆن بە من ڕاگەیەنراوە، لە لایەکی تریشەوە ناوی من لە هەندێ میدیای ئاڕاستەکراو و سەر بە دامودەزگاکانی دەسەڵات و لە هەندێ لیستی هاوشێوە لەژێر ناوی «مامۆستایانی دەرکراو»دا تۆمار و بڵاو کراوەتەوە.

جێی داخی فراوانە کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی کوردستان نە لە ئاست ئەم هەواڵە مەبەستدارانە لە پرۆسەی بەئەمنیکردنەوەی زانکۆکاندا و نە لە ئاست پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی ئەندامانی لیژنە زانستیەکان و سەربەخۆیی زانکۆدا، هیچ پەرچەکردارێکی دیاریکراویان نەنواندووە. هەر بۆیە داوا دەکەم لە پێناو ڕوونکردنەوەی ڕای گشتی و ڕێگریکردن لە هەرچەشنە دەنگۆ و گومانێکی زیاتردا، ئەوپەڕی تا ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لەمەڕ قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی من بۆ تازەکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکەم بڕیاری خۆتان بدەن و بە شێوەی ڕوون و شەفاف ڕایبگەیەنن.

لەگەڵ ڕێزدا

بێهرووز چەمەنئارا

ئەندامی لیژنەی زانستیی بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستان