به پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا كه‌س یا كه‌سانێكی نه‌ناسراو به‌شێك له كێلی گۆڕی دوكتور مه‌سعود گوڵزارییان له به‌شی «نام‌آوران»ی به‌هه‌شتی زارای تاران شكاندووە.
یه‌كێك له شاگردهكانی ئه‌م شوێنه‌وار ناسه بەناوبانگ و بەئەزموونە دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌واڵه به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كودستانی وت:« شكاندنی به‌شێك له كێلی قه‌بره‌كه، كه وشه‌ی ئه‌وه‌ڵ و ئاخر له سه‌ری نووسراوه، نیشان ئه‌دات كه ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه له لایه‌ن كه‌سانێكی ده‌مار گرژ و توندڕه‌وی مه‌زهه‌بییه‌وه بووه و ئامانجیان ئیهانە و سووكایەتیكردن به باوه‌ڕه ئایینیه‌كانی دوكتور مه‌سعود گولزارییه.»
ئەم سەرچاوە هەروەها باس لەوە کرد کە له حاڵی حازردا بنه‌ماڵه‌ی مامۆستا گوڵزاری ناچارن بۆ پێش‌گرتن له ئیهانه و بێحورمهتیی دووباره به قه‌بری ناوبراو، له نووسینه‌وه‌ی دووباره‌ی ئه‌و ڕسته‌یه له سه‌ر كێله تازه‌كه‌ی چاو پۆشی بكه‌ن.
دوكتور مه‌سعود گوڵزاری، شوێنه‌وارناس و لێكۆڵه‌ری ناسراوی ئێرانی بوو كه لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌ربڵاو و پڕ بایه‌خی له سه‌ر دیرۆكناسیی كرماشان و ناسینی یارسانه‌كان كردوه، ناوبراو له مانگی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵدا له تهمهنی٨٦ ساڵیدا له تاران گیانی له ده‌ست دا. دوای مردنی ناوبراو بنه‌ماڵه‌ی ڕایانگه‌یاند كه دوكتور گوڵزاری وەسیەت كردووە له گوندی «توتشامی»ی كرماشان، كه یه‌كێك له ناوه‌نده گرنگه‌كانی شوێنكه‌وتوانی ئایینی یارییه، ئەسپەردە بكرێت، بەڵام به هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه هێشتا جێبه‌جێ نه‌بووه.
له‌م چوار ده‌یه‌ی ئاخردا شكاندنی كێلی قه‌بری شوێنكه‌وتوانی كه‌مایه‌تییه دینی و ئایینییه‌كان له ئێران و ته‌نانه‌ت دژبه‌ره سیاسییه‌كانی حكومه‌تیش، یه‌كێك له هه‌نگاوه ڕێكخراوەكانی گروپه ده‌مارگرژ و توندڕه‌وه موسه‌ڵمانه شێعهكانه كە به ئامانجی سووكاێەتیكردن و بێحورمهتی به باوه‌ڕی كه‌مینه غه‌یره شێعه‌كان یا دژبه‌ره‌كانی حكوومه‌تی بووه.