دوای ئەوەی پارێزەرانی ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، تانەیان لە حوکمەکە دا، ئێستە دۆسیەکەی نێردراوەتە بەردەم دیوانی باڵای ئێران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ڕەزا ڕەسایی لە لایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشانەوە، پارێزەرانی دۆسیەکە تانەیان لە حوکمەکە داوە و دۆسیەکە نێردراوەتە بەردەم دیوانی باڵای ئێران».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە چەند حەفتەی ڕابردوودا و دوای بەدواداچوونی پارێزەران، پێیان ڕاگەیەنراوە کە هێشتا دیاری نەکراوە کام لقی دیوانی باڵا لێکۆڵینەوە و پیاچوونەوە بۆ دۆسیەکە دەکات.

خەیروڵڵا حەقجوویان، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی یارسان کە لە خزمانی ڕەزا ڕەساییە و لە نزیکەوە ئاگای لە ڕەوتی دەستبەسەرکردن، دادگاییکردن و دەرکردنی سزاکەیە، ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزان (٣ی نۆڤامبەر) بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی وتبووی: «لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەگەر خۆم قوربانی بکەم باشترە تا کەسانی تر؛ تراژیدیای دڵتەزێنی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) بە سیناریۆ و ڕەوتێکی نادادپەروەرانە و ڕێکخراو دەزانم بە ئاڕاستەی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا، سەرکوتکردن، بەبارمتەگرتن، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، تۆڵەکردنەوەی کەسی و هەندێ جاریش ڕێکخراوەییدا. چونکوو لەباتیی گەڕان بەدوای هۆکارەکاندا لق و پۆپیان بە دۆسیەکە زیاد کرد تاکوو هەرجۆر کە خۆیان ویستیان هەڵیپاچن».

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی یارسانی خەڵکی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ (٧ی ئۆکتۆبەر) لە لایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەدڕەسوول حەقنەجاتی و هەروەها ئەمین محەممەدەی وەکوو ڕاوێژکاری دادگا، بە تۆمەتی «هاودەستی لە کوشتنی بەئەنقەست»ی نادر بەیرامیدا، سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، «هاودەستی لە ئەنجامدانی بریندارکردنی بەئەنقەستدا بەبێ کوشتن»، «نمایشکردن و خۆنواندن بە چەقۆوە» و «تێکدانی ئارامیی گشتی لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)، پێدانی دیە، ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپا.

ساڵی ڕابردوو ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان، کە ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشاندا بەڕێوە چوو، لەژێر کاریگەریی سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکەی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری.

هێزە سەربازی-ئەمنییە جێگیرکراوەکان لە شوێنی ڕێوڕەسمەکەدا، لە وەڵامی دروشمەکانی خەڵکدا بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هێرشیان کردە سەر بەشداربوان و ژمارەیەکی زۆریان دەستبەسەر کرد. تا چەند ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمەکەیش کەشێکی ئەمنی باڵی بەسەر شاری سەحنەدا گرتبوو. ڕۆژێک دوای ئەو ڕێوڕەسمە، هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە نادر بەیرامی، لە کاربەدەستە پلەباڵا ئەمنییەکانی شاری سەحنە، لەو ڕێوڕەسمەدا کوژراوە.

هێزەکانی پۆلیسی ئاگاهی لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) ڕەزا ڕەساییان لە شەهریاری پارێزگاری تاراندا دەستبەسەر کرد کە یەکێک بوو لە بەشداربوانی ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، پاشان گواستیانەوە بۆ شاری سەحنە و بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا خستیانە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە تاکوو «بەشداریکردن لە کوشتن»ی نادر بەیرامیدا قبووڵ بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەشکەنجە و لێدان بە شۆکەری کارەبا، دروستکردنی هەستی خنکان لە ڕێگای کردنی توورەکەیەک بە سەردا، «جووجەکردن» کە دەست و پێی کەسەکە لە پشتەوە دەبەستن بە یەکەوە و بە زنجیرێک لە سەقفەوە هەڵیدەواسن، لە ڕیزی ئەو ئەشکەنجانەدا بوون کە لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی سەحنە و کرماشاندا ڕووبەڕووی ڕەزا ڕەسایی کراوەتەوە. بە چەشنێک کە پەنجەکانی پێ، دەست و شانی شکابوون.

ئەم هاووڵاتییە کوردە یارسانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرا و دوای چەند حەفتەیەک ئەم جارە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاددا، لە زیندانی دیزڵئاواوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی کرماشان کران.

کۆبوونەوەکانی دادگاییکردنی ڕەزا ڕەسایی لە چەند مانگی ڕابردوو و لە سێ جاردا لە لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشان بەڕێوە چوو. دوای کۆتاکۆبوونەوە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢دا (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٣)، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر (٧ی ئۆکتۆبەر) بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەزا ڕەسایی لە کۆبوونەوەکانی دادگادا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا بە هۆی «ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژیکردن»ـەوە ناچار بووە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت و هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە.

بەپێی نوسخەیەک لە دادنامەکە کە بە دەستی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دادگا بەبێ سەرنجدان بە بەرگرییەکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە و هەروەها پزیشکی دیاریکراوی پزیشکیی دادی شاری سەحنە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.

لەم دۆسیەیەدا ٦ هاووڵاتیی یارسانی دیکە بە ناوەکانی فەرهاد بەیگ گەڕووسی، سەیدڕەسوول ڕەزەوی، سەیدمەعسووم ڕەزەوی، ئارمین حەقیی مەنجق، پووریا مینەتیی مەنجق تەپه و شوجاع مینەتیی مەنجق تەپه بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە سزای ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچییان بەسەردا سەپاوە.