بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سومەییە کارگەر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئیلام و دەرچووی فەلسەفەی زانکۆی تەورێز کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەردا لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر کرابووە، سەرەڕای ئەوەی پێویستیی بەپەلەی بە دەواودەرمانەکانی هەیە، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات کە بە بەندی ٢٠٩ بەناوبانگە، لە ژوورێکی چەندکەسیدایە.

سومەییە کارگەر نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی چاوی لەگەڵە و چاوەکانی زۆر لاوازن، بە شێوەیەک کە تەنانەت لە کاروباری ڕۆژانەشیدا پێویستی بە یارمەتی‌وەرگرتنە. بەڵام بەمەشەوە بەرپرسان نەیانهێشتووە دەواکانی ڕادەست بکرێت.

ناوبراو لە ساتەوەختی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنیا چەند جار بە کورتی پێوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە بەکارنەهێنانی دەواکان بۆتە هۆی خراپتربوونی دۆخی تەندروستی و تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەی.

هێزە ئەمنییەکان دوابەدوای ئەوەی لە ٢٧ی ڕەزبەردا ناوبراویان دەستبەسەر کردبوو، هەڵیانکوتابووە سەر ماڵەکەیشی و بە وردی پشکنیبوویان و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە شەخسییەکانیدا، لەوانە کۆمپیتەر و مۆبایلەکەی، گرتبوو.