لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی مێرووی جێگا (ساس / Bed bugs) لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەدا (چاکسازیی ژنان) بووتە هۆی ناڕەزایەتیی بەندکراوان، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە هەڵنەگیراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ٥٦ بەندکراو لە ٤ ژووری بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنەدا (چاکسازیی ژنان) دەژین و لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵەڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی تەندروستیی خراپی ئەم زیندانە بڵاو ببوویەوە.

لە دوو حەفتە لەمەوپێشەوە بڵاوبوونەوەی مێرووی جێگا (ساس / Bed bugs) لەم بەندەدا کێشەی جەستەیی و دەروونیی فراوانی بۆ زیندانییەکان دروست کردووە و ئەمەیش بووتە مایەی ناڕەزایی ئەو بەندکراوانە، بەڵام بەرپرسانی زیندان تا ئێستا هیچ ئاوڕێکیان لە ناڕەزایەتییەکان نەداوەتەوە.

دەوترێت دۆخی خراپی تەندروستیی ئەم زیندانە زەمینەی بۆ بڵاوبوونەوەی مێرووی جێگا خۆش کردووە و بەرپرسانی زیندان بە بیانووی نەبوونی بوودجەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هەڵنەگرتووە.