رۆژی ڕابردوو زیندانییەک بە ناوی ناسر کەریمی بە هۆی نەبوونی پێڕاگەیشتنی پزیشکییەوە لە زیندانی بۆکان گیانی لەدەست دا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ناسر کەریمی ٢٧ ساڵان و خەڵکی بۆکان لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەرداندا لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئاگاهییەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ڕۆژێک گواسترابوویەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی بۆکان.

ناوبراو لە ئیدارەی ئاگاهی کەوتبووە بەر ئەشکەنجەوە، هەر بۆیە دوای گوازرانەوە بۆ زیندان داوای کردبوو ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان بکرێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان داواکارییەکەیان پشتگوێ خستبوو و بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە، تەنها چەند دەرمانێکی ئارامکەرەوەی وەک مێتادۆنیان پێ دابوو.

بەرپرسانی زیندانی بۆکان بە هاوبەندییەکانی ئەم زیندانییەیان وتووە کە ناوبراو تووشی وەستانی دڵ بووە، بەڵام زیندانییەکان دەڵێن هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەم زیندانییە دەگەڕێتەوە بۆ دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکی و گوێنەدان بە دۆخی تەندروستیی ناوبراو.