ڤیان محەممەدی، خوێندکار و چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراو، لە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی جۆزەردانەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی نایاسایی خۆیدا مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئەم چالاکە دەستبەسەرکراوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڤیان محەممەدی کە لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ئەمساڵەوە لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری تاران دەستبەسەر کراوە، لە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی جۆزەردانەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی نایاسایی خۆیدا مانی لە خواردن گرتووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، خانمی محەممەدی ڕۆژی ڕابردوو و لە سێهەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، بەڵام هێشتا هەر لە مانگرتندایە.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی جۆزەردان لقی سێهەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ناوبراوی بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کردەوە.

شایانی باسە فەرامەرز محەممەدی، هاوسەری ڤیان محەممەدی، لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی زیاتر لە ١٢٠ چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکاندا، لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە سنە کرا و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی فەرامەرز محەممەدیدا، ویان محەممەدیی هاوسەریشی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای سنەوە بانگهێشت کرابوو و خرابوویە ژێر لێپرسینەوە.