ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی جۆزەردان، لقی سێهەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی چوار چالاکوانی کوردی بە ناوەکانی ڤیان محەممەدی، فەرزاد سامانی، ساکار عەینی و محەممەد هوشەنگی بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کردەوە، ئەم کەسانە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە تاران دەستبەسەر کرابوون. بڕیاری دەستبەسەربوونی ویان محەممەدی بۆ یەکەم جار و بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەو سێ چالاکەکەی تر بۆ شەشەمین جاری بەردەوام درێژ کراوەتەوە.


کەسانی نزیک لەم چوار چالاکوانە کوردە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی درێژکردنەوەی بڕیارەکە، دەڵێن ئەم کەسانە هێشتا هەر لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێدان و لێپرسەوە ئەمنییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خستوونیانەتە ژێر زەخت و گوشارەوە.


هەروەها فارووق سامانی، برای فەرزاد سامانی، پۆستێکی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە کە براکەی دیدارێکی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا کردووە و وتوویەتی لە لایەن لێپرسەوەکانەوە زەختی خراوەتە سەر بۆ ئەوەی تۆمەتەکان قبووڵ بکات. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەم گوشارانە و تازەکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوون، لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی جۆزەردانەوە (٣٠ی مەی) مانی لە خواردن گرتووە.


لەم چوار چالاکە دەستبەسەرکراوە، تا ئێستە محەممەد هوشەنگی، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ، مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە. دەزگای ئیتلاعاتی سپا حەفتەی پێشوو دوای تێپەڕینی ٥ مانگ سەرئەنجام دانی بە دەستبەسەرکردنی ناوبراودا ناوە و بە بنەماڵەکەی، کە بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆخی منداڵەکەیان لە شاری جوانڕۆوە چوونەتە ورمێ، وتراوە کە تا مانگێکی تریش مۆڵەتی دیدار و پێوەندیی پێ نادرێت.
فەرزاد سامانی، ساکار عەینی و محەممەد هووشەنگی لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە تاران دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ.


 هەروەها ڤیان محەممەدی، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری لقی بەڕێوەبەری (مدیریت)، لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە ماڵەکەی خۆیان لە تاران دەستبەسەر کرا و ئەویش ڕەوانەی هەمان دەستبەسەرگە ئەمنییەکەی ورمێ کراوە.
شایانی باسە فەرامەرز محەممەدی، هاوسەری ویان محەممەدی، لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی زیاتر لە ١٢٩ چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکاندا، لە شاری تاران دەستبەسەر کرا و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە سنە کرا و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی فەرامەرز محەممەدیدا، ویان محەممەدیی هاوسەریشی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای سنەوە بانگهێشت کرابوو و خرابوویە ژێر لێپرسینەوە.


وێنەکە لە ڕاستەوە بۆ چەپ؛ ڤیان محەممەدی، محەممەد هووشەنگی، ساکار عەینی و فەرزاد سامانی