سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە ئاگاداریان کردووینەوە کە لە یەک مانگی ڕابردوودا هەندێ لە هاووڵاتییان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەت سەبارەت بە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری، بانگهێشت کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، لە یەک مانگی ڕابردوودا بنکەی هەواڵگریی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران هەندێ لەو هاووڵاتییە کوردانەی لە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بابەتیان لەسەر بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بڵاو کردۆتەوە، لەڕێی تەلەفۆنەوە بانگهێشت کردووە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کردوون.

پێشتر و لە ٨ی جۆزەرداندا حسەین ئەشتەری، فەرماندەی پۆلیسی ئێران (ناجا)، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەداح و خوتبەبێژان، هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە «یاسای هەڵبژاردن» دەشکێنن یان «خەڵک بانگهێشت ئەکەن بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردندا».

هاووڵاتییەکی کورد لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی کە لە کاتی لێپرسینەوەدا لە دەزگایەکی ئەمنی، هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و دۆسیەسازیی لێ کراوە لەبەر ئەو بابەتانەی سەبارەت بە بێمەیلبوونی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا بڵاوی کردۆتەوە.