بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دلێر مەردۆخی، دیزاینەری وێبی خەڵکی مەریوان کە لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (١٠ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی پێ بدرێت هێشتا هەر دەستبەسەرە.

ئەم هاووڵاتییە بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنها چەند جارێک توانیویەتی پێوەندیی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بگرێت و ڕایگەیاندووە کە نازانێ لە چ شوێنێکدایە.

لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.