ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گوڵان (٩ی مەی) فاتمە مەقسوودی، دایکی ئیدریس فەقیهی، لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە ٢١ مانگ لەمەوپێش لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و بە بزرکراوی زۆرەملێ دێتە ئەژمار، بە هۆی مانگرتنی چەند ڕۆژەوە لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدا دەستبەسەر کراوە.

ئەم دایکە ٦٧ ساڵەیە لە حاڵێکدا دەستبەسەر دەکرێت کە نەخۆشیی دڵی لەگەڵە و پێنەدانی چارەسەر و دەواکانی بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییەدا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، فاتمە مەقسوودیی دایکی ئیدریس فەقیهی حەفتەی ڕابردوو لە سنەوە چووەتە ورمێ و سەردانی دادگا، بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێی کردووە و داوای کردووە لە چارەنووسی منداڵەکەی ئاگاداری بکەنەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوونیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکەی پێ نەداوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە لە سێ ڕۆژ لەمەوپێشەوە لە بەردەم دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێدا مانی گرتووە و داوای کردووە ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەی لە ئاست چارەنووسی منداڵەکەیدا وەڵامدەر بێت. سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە بە دەستووری داواکاری گشتیی ورمێ و لەسەر داوای دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئەم دایکە ٦٧ ساڵەیە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (٢١ی فێبرییەی ٢٠٢٢) ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ کۆ ببوونەوە و داوایان کردبوو لە بارودۆخ و چارەنووسی ئیدریس ئاگاداریان بکەنەوە، بەڵام هێزە ئەمنی و ئینتیزامییە ئامادەکان لەو شوێنەدا بەبێ سەرنجدان بە داواکاریی ئەم بنەماڵەیە، فاتمەی مەقسوودیی دایکی ئیدریس و چەند کەسی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەر کردبوو، فاتمە مەقسوودی ویستبووی لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست ئەم بابەتەدا ئاگر لە جەستەی خۆی بەر بدات.

دایک و چەند ئەندامی تری بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی دوای دەستبەسەرکران لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە برابوونە بنکەیەکی هێزەکانی پۆلیس لە نزیک دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و بۆ چەند کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کرابوو. دواجار و پاش ئەوەی بە زۆر بەڵێنیان لێ وەرگیرا چیدی لە بەردەم بینای دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران کۆ نەبنەوە، ئازاد کران.

فاتمە مەقسوودی لە بیستەمین مانگی دەستبەسەرکردن و بزرکردنی زۆرەملێی کوڕەکەیدا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردرابوو، وتی: «دوو ساڵە ئاگام لە چارەنووسی کوڕەکەم نییە. سەردانی تاران، ورمێ یان هەر شارێکی تر دەکەم ماوەیەک دەڵێن کوژراوە و زیندوو نییە و ماوەیەکیش دەڵێن لای ئێمە نییە و ئینجا دەڵێن لای ئێمەیە. بە شێوەی زارەکی دەڵێن لای ئێمەیە بەڵام دواتر دیسان دەڵێن لێرە نییە. چەند ڕۆژ لەمەوپێش سەردانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێمان کرد، وتیان لێرەیە، بڕۆن لە ١١٣ (بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات) نامەیەک وەربگرن و دیداری لەگەڵدا بکەن و دۆسیەکەیشی لە حاڵی لێکۆڵینەوەدایە. کاتێک چوونیە ١١٣ یەکێک لە هێزەکانی ئەو شوێنە گاڵتە و سووکایەتیی پێ کردین و وتی کوڕەکەی تۆ لەکوێیە؟ لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان داوا دەکەم منداڵەکەمم بۆ بدۆزنەوە تاکوو بتوانم بۆ پێنج دەقەش بووە بیبینم. بە خوا نەخۆشم، لەبەر ڕەزای خوا داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسە بەشەرەفەکان دەکەم منداڵەکەم بدۆزنەوە».

دوای تێپەڕینی ٢١ مانگ بەسەر دەستبەسەرکردن و بزرکردنی زۆرەملێی ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، نیگەرانییەکان لە ئاست بارودۆخ و چارەنووسیدا پەرەی سەندووە.

دەوترێت ئیدریس فەقیهی ساڵی ڕابردوو و دوابەدوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کراوە و بە فەرمانی لێپرسەوە ئەمنییەکان تا ئێستایش مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی پێ نەدراوە.

خەرمانانی ساڵی ڕابردوو (سێپتامبری ٢٠٢٢) فاتمەی مەقسوودیی دایکی ئیدریس لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کرا و لەسەر بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە یەکەم ساڵوەگەڕی بزرکردنی زۆرەملێی کوڕەکەیدا، بۆ چەندین کاتژمێر خرابووە ژێر لێپرسینەوە و گوشارەوە.

لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەیان لێ کردووە کە مافی بەکارهێنانی لەچکی سپی، کە لە کوردستاندا وەک هێمای «دایکانی ئاشتی» ناسراوە و هەروەها سەفەرکردن بۆ ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیی نییە.

لە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ١٤٠١دا (١٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرپرسانی بەشی داواکاریی گشتی و هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە سەرەتای گەلاوێژی ١٤٠٠ـەوە (کۆتایی جولای ٢٠٢١) ئیدریس فەقهی، دژبەری سیاسیی کوردی ٣٦ ساڵەیان بە شێوەی زۆرەملێ بزر کردووە.

بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی کە لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠ـەوە (٢٤ی جولای ٢٠٢١) دوای برینداربوون لە لایەن سپای پاسدارانەوە بزر کراوە، بە درێژایی ٢٠ مانگی ڕابردوو چەندین جار سەردانی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمێهدی، ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای ورمێیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و دروستیان لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە پێ نەدراوە.

لە ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ئەوەی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی لە بەردەم دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بۆچەند کاتژمێرێک دەستبەسەر کران و برانە بنکەیەکی پۆلیس (کەلانتەری)، یەک لە ئەندامانی هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە بنکەی پۆلیس دیداری لەگەڵ ئەم کەسانەدا کردبوو و پێی ڕاگەیاندبوون کە ئیدریس زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگیراوە و تا کاتێک لێپرسینەوەکانی کۆتایی نەیەت مافی پێوەندیگرتن و دیداریان لەگەڵ ئیدریسدا نییە.

بە درێژایی ئەم ماوەیە، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و دادگای ورمێ هەرجارە و لە وەڵامی داواکاریی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهیدا بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان، هەندێ سیناریۆی دژبەیەکیان خستۆتە بەردەست، ئەوان سەرەتا ڕایانگەیاندبوو ئیدریس لە کاتی تێکهەڵچوونە سەربازییەکە و بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراوە و «وێنەی تەرم و بەڵگەنامەی مردن»ی بۆ بنەماڵەکەی دەنێرن، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەکیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووە.

هەروەها لە دادگای ورمێ پێیان ڕاگەیەنراوە کە لەبەر هەستیاربوونی دۆسیەکە و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان، ئەوان بۆیان نییە هیچ وەڵامێک بە بنەماڵەکەی بدەنەوە. پشتڕاستکردنەوە و بەدرۆخستنەوەی دەستبەسەرکردنی ئیدریس فەقیهی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە حاڵێکدایە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا (٢٦ی سێپتامبری ٢٠٢١) بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند کە هەندێ بەڵگەی دەست کەوتووە کە دەیسەلمێنن ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە پێشتر ڕاگەیەنرابوو لە شەرێکی نێوان هێزەکانی ئەم پارتە و هێزەکانی سپای پاسداراندا لە نزیک شاری بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٤ی جولای ٢٠٢١) کوژراوە، زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدایە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوای تەقە و دەسڕێژەکەی هێزەکانی سپای پاسداران، ئیدریس فەقیهی کە پێی بریندار ببوو توانیبووی خۆی بشارێتەوە، بەڵام دوابەدوای بڵاوەپێکردنی هێزێکی گەورەی سپا بە ناوچەکەدا، ناوبراو لە حاڵێکدا کە بریندار بووە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەداوە دەستبەسەر کراوە. هێزەکانی سپا سەرەتا بردوویانەتە نەخۆشخانەی عارفیانی سپا لە ورمێ و دواتر گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە.

لانیکەم دوو کەس لەوانەی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ ماویەک لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بوون، ئیدریسیان لە ژووری پزیشکیی ئەم دەستبەسەرگەیەدا بینیوە.

لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٤ی جولای ٢٠٢١) تیمێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بەرزاییەکانی کوێستانی گوندی «عەلەمئاوا»ی بۆکان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سپای پاسدارانەوە. لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا هەواڵنێریی دەوڵەتیی تەسنیم لە زمانی «قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا»وە هەواڵی کوژرانی دوو ئەندامی پارتێکی کوردی و دەستبەسەرکردنی ئەندامێکی برینداری ئەم پارتەی بڵاو کردەوە.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژدا (٦ی ئاگۆست) کوژرانی دوو ئەندامی ئەو حیزبەی بە ناوەکانی ئیدریس فەقیهی خەڵکی سنە و موحسێن قادری خەڵکی بۆکان لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک بۆکان پشتڕاست کردبۆوە. بەڵام دوای ماوەیەک بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی تر ڕایگەیاند کە موحسین قادری زیندووە و ئیدریس فەقیهییش دوای برینداربوون لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەستگیر کراوە.