سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی کورد، لە ڕۆژی ١٠ی گەڵاڕێزانەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ئەگەری دوورخستنەوەی بۆ زیندانی ئێسفەهان مانی لە خواردن گرتووە و لەبەر پشتگوێخستنی داواکارییەکەی لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە درێژەی بە مانگرتنەکەی داوە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ بارودۆخی ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ به‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «ڕۆژی ٦ی گه‌ڵاڕێزان به‌بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت سەکینە پەروانەیان له‌ به‌ندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە بۆ دەستبەسەرگەی سپای قۆچان گواستەوە‌. کەچی داواکری گشتی قووچان ڕایگەیاندبوو کە ئاگاداری هۆکاری گواستنەوەی بۆ ئەم شارە نییە و لە ڕۆاژانی داهاتوودا‌ بۆ زیندانی ئیسفه‌هان دوور دەخرێتەوە». 
ئه‌م سه‌رچاوه‌یە لە درێژەدا وتی: «ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ دوای گوازرانەوە بۆ زیندانی قۆچان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە و بەرپرسانی زیندانیش وتوویانە نازانین بۆ ڕەوانی ئێرە کراوە و دەبێ ڕەوانەی زیندانی ئیسفه‌هان بکرێت. هەر بۆیە ئەویش بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە ئاست ئەگەری دوورخستنەوەیدا بۆ زیندانی ئێسفەهان له‌ ڕۆژی ١٠ی گەڵاڕێزانەوە‌ مانی لە خواردن گرتووە».
سەکینە پەروانە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕدا باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. به‌پێی قسه‌كانی خانمی سه‌كینه‌، بەرپرسە ئه‌منییەکانی كۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ره‌تاكانی پاییزی ١٣٨٩دا به‌ بیانووی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کەیدا له ‌شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌كانی مه‌ریوان و سنه‌دا گێڕاویانە و‌ دواتر ناردوویانه‌ته‌ زیندانی ئێڤین. قۆناغی ده‌ستبه‌ربوونی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییدا، له‌ به‌نده‌كانی دووی ئه‌لف، ٢٠٩ و ژنانی زیندانی ئێڤیندا تێپەڕیوە.
پەیام دوڕئەفشان، پارزه‌ری ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه کە خۆیشی ئێستا لە بەندیخانەدایە، رۆژی ٥ی جۆزه‌ردانی ئەمساڵ ڕایگەیاند که لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی‌ ئه‌ندامێتی له‌ ده‌سته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی بە سەر ئەو خانمەدا سەپاندووە. بەپێی حوكمی دادگا، تۆمه‌تی په‌روانە بریتییە لە «ئه‌ندامێتی له‌ گرووپه‌كانی دژ به‌ حکوومەتدا به‌ مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات».
سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لەبەر نووسین و وتنەوەی دروشم لە زیندانی ئێڤیندا، گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوای شاری‌ڕەی کرا. ناوبراو لە ١٤ی پووشپەڕ و لە حاڵێکدا کە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بوو، دیسان گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دادگایەک لە گەلاوێژی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.