موتەلیب ئەحمەدیان لە زیندانی ئێڤین و سەکینە پەروانە لە زیندانی مەشهەد، وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی قزلحەساری کەرەجدا مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، موتەلیب ئەحمەدیان لە ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانەوە (٢٩ی ژانڤییە) هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەرباردا مانگرتنەکەی خۆی دەست پێ کرد. ئەم زیندانییە سیاسییە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە زیندانی ئێڤینەوە وتبووی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ مان لە خواردن دەگرێت، بەڵام لەبەر دۆخی تەندروستیی ناجێگیر و نەخۆشییە جیاوازەکانی کە لە زینداندا تووشی بووە، دوای دوو ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

سەکینە پەروانەیش وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیدا، لە ئەمڕۆ ١٠ی ڕێبەندانەوە (٣٠ی ژانڤییە) بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە زیندانی مەشهەد مانی لە خواردن گرتووە.

سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ئەمساڵەوە (ئاوریلی ٢٠٢٣) لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی مەشهەد و لە دۆخی دژواری زینداندا، بەبێ مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر، سنوورداربوونی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەدا و بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، سزای ٧ ساڵ و نیو بەندکران بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «پیلانگێڕی» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» تێدەپەڕێنێت.

ئەم زیندانییە سیاسییەی خەڵکی قووچان پێشتریش چەندین جار ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن و سزادان بووتەوە و ماوەی چوار ساڵ لە زینداندا ماوەتەوە.

موتەلیب ئەحمەدیانیش بە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا، دوای دەستبەسەرکران لە ڕەزبەری ١٣٨٩دا (ئۆکتۆبری ٢٠١٠) و چەندین مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سەردەشت، سەقز و سنە و لە دۆخی دژواری ژووری تاکەکەسی و لەژێر ئەشکەنجەی جەستەییدا، ئێستا لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە.

ئەم زیندانییە سیاسییەی خەڵکی بانە لەم ساڵانەی دواییدا تووشی نەخۆشیی فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia)، تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە و هەوکردنی بۆریی میز بووە و بە هۆی لێکەوتەکانی چارەسەری تیشکەوە کە لە ڕابردوودا بۆی کراوە، تووشی شێرپەنجەی ڕژێنەی دوانزەگرێیش بووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانڤییە) چوار زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار دوای ١٩ مانگ دەستبەسەربوون و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران.

لەسێدارەدانی ئەم چالاکە سیاسییە کوردانە کە لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا و لە ڕێگای سیناریۆسازیی دامودەزگا ئەمنییەکانەوە و بە بیانووی «هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگای ئەمنیی ئیسراییلدا» بە سەریاندا سەپابوو، بووەتە مایەی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی جەماوەری لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و زیندانەکانی ئێراندا.