بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی خەرمانان (٧ی سێپتامبەر) ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە، لە شەقامێکی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئومید قەدیمی لەم حەفتانەی دواییدا چەندین جار لەبەر چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێست و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.

دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەت لەم حەفتانەی دوایی و لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوان پەرە پێ داوە و سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بانگەواز و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانبەختکردوان هەڕەشەیان لێ کردوون.

سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری و شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری، لە ڕیزی ئەو بنەماڵە دادخوازە کوردانەدان کە لە شارەکانی قووچان، پیرانشار، کەرەج، سەقز و مەهاباد لەم حەفتانەی دواییدا کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بانگهێشت، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە. لە شارەکانی تری ئێرانیشدا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی بنەماڵەی دادخوازان.