لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازاندا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەرمانان (١٤ی سێپتامبەر) ڕێزان ساعیدی و موعید ساعیدی، پوور و برای سارینا ساعیدی و ئومید نیازی، برای موحسین نیازی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەکانی سنە و دێولان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە نیوەڕۆی ٢٣ی خەرمانان (١٤ی سێپتامبەر) هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی سنەیان داوە و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی ئەم شارەیان بە بێرێزی و سووکایەتییەوە لە گۆڕستانەکە دەرکردووە. هەروەها ڕێزان ساعیدی و موعید ساعیدی، پوور و برای سارینا ساعیدی، منداڵی گیانبەختکردووی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارە، لە لایەن ئەم هێزانەوە لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیدا دەستبەسەر کراون.

هاوکات ئومید نیازی، برای موحسین نیازی لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری دێولان، لە جادەی دێولان بۆ سنەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری، شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری، ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، لە ڕیزی ئەو بنەماڵە دادخوازە کوردانەدان کە لە شارەکانی قووچان، پیرانشار، کەرەج، سەقز، مەهاباد، دیواندەرە، بۆکان و سنە لەم حەفتانەی دواییدا کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بانگهێشت، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە. لە شارەکانی تری ئێرانیشدا دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی بنەماڵەی دادخوازان.