لە کاتێکدا کە تەنها یەک ڕۆژ تا ساڵەهاتی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی ماوە، سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە، سنە، مەریوان، کامێران، ئەیوانی ڕۆژئاوا، جوانڕۆ، ئیلام و ئاودانانەوە باس لە جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزەکانی یەکەی تایبەت و سوپای پاسداران لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەم شارانەدا دەکەن.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، ئەمڕۆ هەینی ٢٤ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبەر) هێزەکانی سوپای پاسداران لە سەرجەم دەروازەکانی شاری سەقزدا جێگیر کراون ڕێگری لە چوونەناوەوەی ئەو هاووڵاتیانە دەکەن کە خەڵکی شارەکە نین. یەک لەم هاووڵاتیانە کە بۆ دیداری خزمێکی لە شاری بۆکانەوە سەفەری سەقزی کردبوو، وتی: «هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران لە دەروازەی ئەم شارە لە لای بۆکانەوە کۆنترۆڵی هەموو ئۆتۆمبیلەکان دەکەن و دوای کۆنترۆڵکردنی بەڵگەنامەی پێناسەی هاووڵاتیان مۆڵەتی چوونەناوەوە بەو کەسانە نادەن کە خەڵکی سەقز نین».

چالاکێکی مەدەنیی دانیشتووی سەقزیش بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە ڕۆژی ڕابردووەوە ئۆتۆمبیلە زرێپۆشەکانی سوپای پاسداران لە ڕێگای گۆڕستانی ئایچیدا جێگیر کراون و هەرچەشنە هاتوچۆیەک بۆ ئەم گۆڕستانە کۆنترۆڵ دەکەن».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی فەرمانداری (قایمقامییەت)ی ئەم شارە ڕایانگەیاندووە کە بەپێی بڕیاری شۆرای دابینکردنی ئاسایشی پارێزگا، هێزەکانی سوپا دەیانەوێ ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا، هاتوچۆکردن بۆ ئەم شارە قەدەغە بکەن و نەهێڵن هیچ جۆرە گردبوونەوەیەک ڕوو بدات.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، کاربەدەستانی حکومەت هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی خۆیان لەو پارێزگایانەوە کە ئەگەری دروستبوونی خۆپیشاندان کەمترە، ڕەوانەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کردووە و جیا لە هێزە سەربازییەکانی خودی ئەو چوار پارێزگایە -ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان، کوردستان و ئیلام- گەلێ یەکە و فەوجی سەربازیی سوپای پاسداران و هێزی ئینتیزامیی پارێزگاکانی تریش گوازراونەتەوە بۆ کوردستان و لە شار و ڕەگاکاندا جێگیر کراون».

هەروەها دوابەدوای بانگەوازی حیزبەکانی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرماناندا (١٦ی سێپتامبەر) لە چەندین حەفتە پێشترەوە کاسبکاران و بازاڕیانی شارە جیاوازەکانی بانگهێشتی بەردەم هەندێ دەزگای وەک ئیدارەی ئیتلاعات، دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ئیدارەی ئەماکنی هێزی ئینتیزامی و فەرمانداری (قایمقامییەت)ی شارەکانی خۆیان کراون و سەبارەت بە بەشداریکردن لە مانگرتندا هەڕەشەیان لێ کراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، «کاسبکاران و بازاڕیان هەڕەشەیان لێ کراوە ئەگەر لە مانگرتنەکاندا بەشداری بکەن ڕووبەڕووی سزای وەک داخستنی حسێبی بانکی، هەڵپەساردنی مۆڵەتی کار، داخستنی شوێنی کار و تەنانەت دەستبەسەرکردن و زیندان دەبنەوە».

بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە گەیشتووەتە دەستمان، لە ڕۆژی ڕابردووەوە هێزەکانی یەکەی تایبەتی پۆلیسی ئینتیزامی و سوپای پاسداران لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەم شارانەدا نمایشی سەربازی بەڕێوە دەبەن.

ئەمڕۆ فەرماندەی سوپای ئەمیرەلموئمینینی پارێزگای ئیلام لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا ڕایگەیاندووە کە چەند هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانانی پارێزگای ئیلام لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون. هەواڵنێریی ئیرنا لە زاری ئەم بەرپرسەی سوپاوە وتوویەتی: «بە هەوڵی شەوانەڕۆژی و چاودێریکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، تیمێکی تێکدەر لە شاری ئاودانان کە بەنیازی دروستکردنی بۆمبی دەستی بوون، دەستبەسەر کراون».

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،تەنها لەم حەفتەیەدا لانیکەم ٧٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی مەریوان، سەقز، دیواندەرە، بانە، بۆکان، شنۆ و ئاودانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

نمایشی سەربازیی یەکەی ماتۆرسواری هێزەکانی دژەشۆڕش لە گەڕەکەکانی سنەدا
جێگیرکردنی زرێپۆشی یەکەی تایبەت و سوپای پاسداران لە جادەی سەقز بۆ گۆڕستانی ئایچیدا