سەرەڕای تێپەڕینی مانگێک بەسەر دەستبەسەرکردنی سەفا عائیلیی خاڵۆی ژینا ئەمینیدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ئەم هاووڵاتییە بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بنەماڵەی سەفا عائیلی لەم یەک مانگەی ڕابردوودا چەندەها جار سەردانی دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکانی سەقز و سنەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە بارودۆخ و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بنەماڵەکەی ڕانەگەیەنراوە.

سەفا عائیلی لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی دیاریکردنی پارێزەر، پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کراوە.

لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، ڕۆژی ١٤ی خەرمانان (٥ی سێپتامبر) سەفا عائیلی لە ڕێگای گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا. ئەم هێزانە هەروەها هێرشیان کردبووە سەر ماڵەکە و دەستیان گرتبوو بەسەر هەندێ کەلوپەل و پاسپۆرت و ناسنامەی ئەندامانی بنەماڵەکەدا.

دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەت لە درێژەی گوشارەکانیاندا بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لەم مانگانەی دواییدا دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان لە سەرانسەری ئێراندا تاکوو بەم شێوەیە لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانبەختکردوان ڕێگری بکەن.

ئەمجەد ئەمینی و سەفا عائیلی، باوک و خاڵۆی ژینا ئەمینی، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، حەسەن دەرئوفتادە و ماردین دەرئوفتادە، باوک و برای کۆمار دەرئوفتادە، شەرمین حەبیبی، هاوژینی فەرەیدوون حەبیبی، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، عەبدوڵڵا ئەبووبەکری، باوکی زانیار ئەبووبەکری، شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری، ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، ڕێزان ساعیدی و موعید ساعیدی، پوور و برای سارینا ساعدی، ئومید نیازی، برای موحسین نیازی، خەسرەو فتحی، کوڕی حەیبەڵڵا فەتحی و بنەماڵەی عیرفان خەزایی، لە ڕیزی ئەو بنەماڵە دادخوازە کوردانەدان کە لەم حەفتانەی دواییدا کەوتوونەتە بەر شەپۆلی بانگهێشت، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی هێزە ئەمنییەکانەوە.