سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە سێ حەفتە بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگی و ڕەزا ئەندێشە، چالاکی مەدەنیدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە و لە هەرچەشنە پێوەندیگرتن و دیدارێکی بنەماڵە بێبەش کراون.

ئەم دوو چالاکوانە کوردە لەگەڵ کەسێکی تردا کە تا ئێستە ناسنامەکەی نەزانراوە، ڕۆژی ٢٤ی خەرمانان (١٤ی سێپتامبەر) دوای هێرشکردنی زیاتر لە ٦٠ چەکداری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی ئەشکان فەهیم، دەستبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەکان کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان (١٤ی سێپتامبەر) گەمارۆی ماڵەکەی ئەشکان فەهیمیان لە نزیک مەیدانی ئیستیقلالی مەهاباد دا و سەرەتا دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاند و پاشان لەوپەڕی توندوتیژیدا بە قۆنداغی تفەنگ بەر بوونە گیانی ئەو کەسانە و لە حاڵێکدا کە تووشی خوێنلێچوونی بەرچاو ببوون، هەرسێکیان دەستبەسەر کردن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بنەماڵەکانی ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە لەم حەفتانەی دواییدا و بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی منداڵەکانیان، چەندین جار سەردانی دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگاکانی شارەکانی مەهاباد و ورمێیان کردووە، بەڵام بەرپرسانی دادوەری و ئەمنی بەبێ ئەوەی لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و بارودۆخی ئەم هاووڵاتیانە هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن، تەنها ڕایانگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ورمێدا ڕاگیراون.