ئەشکان فەهیم و ڕەزا ئەندێشە، دوو چالاکوانی دەستبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد، دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە ڕەوانەی زیندانەکانی مەهاباد و ورمێ کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبەر) ئەشکان فەهیم دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.

هەروەها ڕەزا ئەندێشەیش دوای مانگێک دەستبەسەربوون لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەردا (١٥ی ئۆکتۆبەر) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازراوەتەوە بۆ زیندانی مەهاباد.

ئەم دوو جالاکە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش کراون.

ئەشکان فەهیم، چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگی و ڕەزا ئەندێشە، چالاکی مەدەنی، لەگەڵ کەسێکی تردا کە تا ئێستە ناسنامەکەی نەزانراوە، ڕۆژی ٢٤ی خەرمانان (١٤ی سێپتامبەر) دوای هێرشکردنی زیاتر لە ٦٠ چەکداری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی ئەشکان فەهیم، دەستبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەکان کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان (١٤ی سێپتامبەر) گەمارۆی ماڵەکەی ئەشکان فەهیمیان لە نزیک مەیدانی ئیستیقلالی مەهاباد دا و سەرەتا دەرگا و پەنجەرەکانیان شکاند و پاشان لەوپەڕی توندوتیژیدا بە قۆنداغی تفەنگ بەر بوونە گیانی ئەو کەسانە و لە حاڵێکدا کە تووشی خوێنلێچوونی بەرچاو ببوون، هەرسێکیان دەستبەسەر کردن.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتیانە کراوەتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.