دیار ئەحمەدی، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی گوندی «ئارەنان»ی سنە، دوای مانگێک دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا. هاوکات دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی هەمان گوند بە ناوەکانی عەلی ئەحمەدی و ئەیووب ئەحمەدی هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنەدا دەستبەسەرن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دیار ئەحمەدی دوای مانگێک دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای سنەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە و ڕۆژی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراوە.

عەلی ئەحمەدی و ئەیووب ئەحمەدییش تا ئێستە بەبێ ئەوەی مۆڵەتی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ بدرێت، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەری دەزگای ئیتلاعاتی سوپادا ڕاگیراون.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبەر) کاروانێکی هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر باخێک لە دەوروبەری گوندی «ئارەنان»ی سنە و لەوپەڕی توندوتیژیدا و بەبێ مۆڵەتی یاسایی عەلی ئەحمەدی و دیار ئەحمەدییان دەستبەسەر کرد.

ئەیووب ئەحمەدی، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی ئەم گوندەیش نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری سنە.