چوار هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی مەهاباد بە ناوەکانی ئالان حەمەجانی، پووریا نەسیری، میلاد موروەتی و هاوڕێ تەورە کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەڵاڕێزان (٣٠ی ئۆکتۆبەر) دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرابوون، ئازاد کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەڵاڕێزان (٣٠ی ئۆکتۆبەر) ئەم چوار هاووڵاتییە دوای بانگهێشتکران بۆ بەردەم دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد دەستبەسەر کرابوون. میلاد موروەتی و هاوڕێ تەورە، دوو خوێندکاری لقی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی زانکۆی کوردستان، دوای چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوە ئازاد کرابوون، بەڵام ئالان حەمەجانی و پووریا نەسیری گوازرابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا.

ڕۆژی ڕابردوو ١٠ی گەڵاڕێزان (١ی نۆڤامبەر) ئەم دوو هاووڵاتییەیش بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم کەسانە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. دەوترێت ئەم چوار هاووڵاتییە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا دوو جار بانگهێشتی بەردەم ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە کراون و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.