ڕۆژی ڕابردوو سێشەممە ٢٣ی گەڵاڕێزان (١٤ی نۆڤامبەر) سەلاح ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و خەڵکی گوندی «چەشمیەر»ی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی گەڵاڕێزان (١٤ی نۆڤامبەر) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گوندی چەشمیەر و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتریش بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کرابوو و سزای بەندکرانی بەسەدا سەپابوو.