بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار (١٦ی ژانڤییە) سەلاح عوسمانی، زیندانیی سیاسیی پێشووی کوردی خەڵکی پیرانشار، لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار (١٦ی ژانڤییە) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەلاح عوسمانی لە شاری پیرانشار و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەکان وێڕای پشکنینی ماڵەکە دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیی ئەم هاووڵاتییەیشدا گرتووە.

سەلاح عوسمانی پێشتر و لە ساڵی ١٣٨٧دا (٢٠٠٨) بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٤ ساڵ بەندکران لە زیندانەکانی ورمێ و یەزد ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کوردە هەروەها لە کۆتایی گەلاوێژی ١٤٠٠یشدا (جولایی ٢٠٢١) جارێکی تر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژێک بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.